رادیۆ نەوا دەنگی پێشمەرگە بە حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت

29/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
پێشتر شەڕی دژی داعش و قەیرانی دارایی هۆكاربون بۆ پلەبەرزنەكردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام ئێستا بارودۆخی هەرێم ئاسایی بۆتەوە و هیچ هۆكارێكی هاوشێوە نەماوە، پێشمەرگە و ئەفسەرێكی زۆر لە چاوەڕوانی پلە بەرزكردنەوەدان و دەڵێن "ئەوانەی پلەمان بەرزكراوەتەوە تائێستا موچەكەمان بۆ نەبەستراوە"، ئەفسەرێكی پێشمەرگەش ئاماژە بەوەدەكات پێویستە هەریەك لە یاسای ساڵی 2007 و بڕیاری 2014ی پەرلەمانی كوردستان جێبەجێبكرێت.
ژمارەیەك لە پێشمەرگە و ئەفسەران پەیوەندیان بە بەرنامەی شەقام-ی رادیۆ نەواوە كرد و وتیان "چەند ساڵێكە نەك جارێك دووجار پلەمان بەرزكراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا موچەكەمان بۆ نەبەستراوە و پێویستە كار بەو یاسایانە بكرێت، كە مافی ئێمەی تێدایە".

بۆ مافی ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانەش، موقەدەم شاڵاو مەحمود ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگە، كە میوانی بەرنامەی شەقام بو و وتی "بەپێی یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 و بەپێی بڕیاری 19ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی كوردستان پێویستە هەموو ئەو ئەفسەر و سەربازانەی، كە ماوەی یاساییان لە خزمەتی پلەیەكەوە بۆ پلەیەكی تر تەواو كردوە، پلەكانیان بەرزبكرێتەوە و هیچ بیانویەك نییە بۆ بەرزنەكردنەوەی، ئەمە غەدرێكی گەورەیە و لە هیچ ژینگە و بوارێكی تردا نییە، هێزەكانی ناوخۆ و پۆلیس ساڵانە لە وەرزی خۆیاندا پلەكانیان بەرزدەكرێتەوە، پێویستە هی هێزەكانی پێشمەرگەش بەهەمان شێوەبێت".

هەروەها موقەدەم شاڵاو مەحمود ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگە داواكاری ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەكات بۆ پلە بەرزكردنەوەی ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانە و وتی "لە رێگەی رادیۆ نەوا-وە داوا لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكەم كاربكەن بۆ باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و پلەبەرزكردنەوە و بەستنی موچەكانیان".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group