ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی: پێشبینى ده‌كرێت ئه‌مساڵ عیراق بێ بودجه‌ بێت

02/02/2020

 نه‌وا
بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌مساڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كۆبوونه‌وه‌كانی زیاد ده‌كات و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی هاووڵاتیان ده‌كرێت". په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، "پێم وانییه‌ بۆ ئه‌مساڵ حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی هه‌بێت".
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2-2-2020، له‌ میانی به‌رنامه‌ى "پارێزگاى سلێمانى و نوێنه‌رانى" كه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی رێكخراوی كوردستان بۆ هه‌موان-ه‌ و له‌رادیۆی نه‌واوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، دیمه‌ن ره‌زا بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌باره‌ى كاره‌كانى لیژنه‌ى یاسا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ئه‌وان ده‌توانن چاوێرى گرێبه‌سته‌كانى پارێزگاى سلێمانى بكه‌ن و وتى: "بۆمان هه‌یه‌ ئاگادارى هه‌موو گرێبه‌سته‌كان بین، ئه‌گه‌ر چى هه‌مووجارێكیش ئیشه‌كان به‌و جۆره‌ ناڕۆن، به‌ڵام ده‌توانین ته‌نانه‌ت دواى ئه‌وه‌ى گرێبه‌ستێكیش ده‌كرێت ئه‌گه‌ر زانیمان ناڕوونى یاخود ناعه‌داله‌تى تێدایه‌ به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ین".
وتیشى: "ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بڕیاریداوه‌ بۆ ساڵى 2020 كۆبوونه‌وه‌كانی زیاد بكات و به‌دواداچوونی زیاتر بۆ كێشه‌ و گرفته‌كانى هاووڵاتیان بكرێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ میانی به‌رنامه‌كه‌دا هۆشیار عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنى گۆڕان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ هێشتا نازانرێت كه‌ى حكومه‌تى نوێى عیراق پێكده‌هێنرێت و له‌باره‌ى بودجه‌شه‌وه‌ وتى: "به‌دیدی خۆم قورسه‌ ئه‌مساڵ حكومه‌تى عیراق بودجه‌ى هه‌بێت و ئاسان نییه‌، ئه‌گه‌ر بودجه‌ش هه‌بێت له‌وانه‌یه‌ بۆ شه‌ش مانگى كۆتایى ساڵ بودجه‌یه‌كى كاتى و له‌ناكاو دابنێن".
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌گه‌ر بودجه‌ به‌و جۆره‌ ئاماده‌ بكرێت ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌كه‌دا دووباره‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئایا حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ڵوێستى چى ده‌بێت به‌تایبه‌ت كه‌ له‌دانوستانه‌كاندا به‌ڵێنیداوه‌ بۆ ساڵى 2020 نه‌وت راده‌ست بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group