توشبوانی شێرپه‌نجه‌ ته‌نها پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ری كیمیایی نییه‌

04/02/2020

نه‌وا-لاڤه‌ كورده‌ 
رۆژی 4ی شوبات رۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه‌ و هه‌موو ساڵێك له‌م رۆژه‌دا له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان و هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر بۆ پاڵپشتی توشبوان رێكده‌خرێت، له‌ پارێزگای دهۆكیش كه‌ ته‌نها سه‌نته‌رێك بۆ چاره‌سه‌ری توشبوان هه‌یه‌، داوای دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كرێت.
د.چه‌كدار ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه‌ له‌ دهۆك  له‌میانی به‌شداریكردنی به‌رنامه‌ی "شه‌قام"ی ر ادیۆ نه‌وا وتی "له‌ ساڵی 2018دا، هه‌زار و 152 نه‌خۆش ده‌ستنیشانكراون و له‌ ساڵی 2019دا هه‌زار و 300 نه‌خۆش ده‌ستنیشانكراوه‌، رۆژانه‌ش نزیكه‌ی 120 نه‌خۆش سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن و ساڵانه‌ نزیكه‌ی 15 هه‌زار كه‌س سه‌ردان ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ ته‌نها دانیشتوی دهۆك نین و خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان و موسڵ و شنگال-یش دێنه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌، واته‌ 35% نه‌خۆشه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی دهۆكه‌وه‌ دێن".

تا ئێستا له‌ دهۆك له‌ رێگه‌ی سه‌نته‌رێكه‌وه‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌ستنیشانده‌كرێن و داخڵ ده‌كرێن، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه‌یش له‌ دهۆك  داوای دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كات، له‌وباره‌یه‌وه‌ د.چه‌كدار ئه‌حمه‌د وتی "له‌ ناو نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی دهۆك، 30 ته‌ختمان هه‌یه‌ و رۆژانه‌ نزیكه‌ی 120 نه‌خۆش سه‌ردان ده‌كه‌ن، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌م كار بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بكه‌ن، چونكه‌ ته‌نها پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری كیمیایی نییه‌، به‌ڵكو تیشك و چه‌ندین ئامێری دیكه‌ پێویسته‌".


له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.سامی ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی خوێن و شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌ولێر بۆ به‌رنامه‌ی شه‌قام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ به‌ ته‌نها پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌رمان نییه‌ به‌ڵكو له‌ روی ده‌رونیه‌وه‌ ده‌بێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ و ماڵه‌وه‌ش ئارامییان بۆ دروستبكرێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ ناوبراو وتی "وه‌ك هۆشیاری پێمان وتون ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نه‌ و كوشنده‌ نییه‌، پێویسته‌ هاووڵاتیان خواردنی ته‌ندروست و زیاتر سه‌وزه‌ و میوه‌ بخۆن و دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌ نێرگه‌له‌ و جگه‌ره‌كێشان، له‌ روی ده‌رونیشیه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن تا زاڵ ببن به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌دا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group