بۆچی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان بۆتە دیاردە؟

05/02/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
رۆژ نیە گوێبیستی روداوێكی ناخهەژێن نەبین جا خۆكوشتن یاخود كوشتنی كەسەكان بە تایبەت كەسە نزیكەكانی مرۆڤەكان خۆیان، لە رۆژانی رابردوو لە راگەیاندنەكانەوە هەموو كەس بیستی كە چۆن كەسە نزیكەكان دەستیان چۆتە كوشتنی كەسانی ناو خێزانی خۆیان ، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدەكات، بەرەڵابونی چەك هۆكاری كوشتن و خۆكوشتنە لە هەرێمی كوردستان.
زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم  لەمیانی بەشداریكردنی بەرنامەی شەقام-ی رادیۆ نەوا وتی:" ئەم دیاردەیە هەمومانی نیگەران كردوە، رێژەكە بەرەو زیادبوون رۆیشتوە، ئێمە لە ساڵی 2015ەوە لەسەر خەتین و مانگانە ئامارەكانی كوشتن و خۆكوشتن و سوتان و خۆسوتانمان تۆماركردوە  و بڵاومانكردۆتەوە، هۆكاری سەرەكی بونی چەكە و بەرەڵایی چەكە ، هەڵمەتێك هەبوو لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێمۆڵەت بەڵام دیارە تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە چونكە لە ناو عەشایەر و حزبەكان و كۆمەڵگە چەك هەیە و لە بۆنە كۆمەڵایەتیەكان بە ئاشكرا چەك دەبینرێت".

توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش ئاماژە بەوەدەكات، گۆشەگیریی و نەتوانینی دروستكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وا لە كەسەكان دەكات بیر لە خۆكوژیی بكەنەوە، دارا ئەنوەر زۆراب توێژەری كۆمەڵایەتی  بۆ بەرنامەی شەقام وتی:" ئەوەی ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردی  و هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە حاڵەت دەرچوەو بۆتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی ترسناك، چونكە رۆژانە و مانگانە گوێبیستی ئەوە دەبین كە كەسەكان خۆیان دەكوژن ، جیاوازییش هەیە لە خۆكوشتن و كەسەكە بەهۆی گۆشەگیری و دروستنەبونی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بەهۆی بارودۆخی دەرونی و نەگونجانی لەگەڵ دابونەریت كە دەكەوێتە ژێر پەستانی دەرونی، دواجار هەوڵی خۆكوشتن دەدات ، دوو جۆر تێكەڵبونی كۆمەڵایەتی هەیە هەیە بە رواڵەت تێكەڵ دەبێت بەڵام لە ناخی مرۆڤەكە جۆرێك لە تەنیایی هەیە، بۆیە كوشتنی نوسەران و رۆشنبیران و چینێكی بەرزی كۆمەڵگە دەبینین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group