رادیۆ نەوا زانیاری ورد لەسەر دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكار بڵاودەكاتەوە

08/02/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كاردەكەن بۆ دابینكردنی مافی كرێكاران، لەرێگای وەرگرتنی پارەی مانگانە لە خاوەنكار بۆ دەستەبەركردنی مافی كرێكار و پاش تەواوكردنی خزمەتەكەیان، وەكو خانەنشینی پێیان دەدرێتەوە، بەڵام لەئەنجامی بێئاگایی لەسەر پێدانی ئەو پارەی مانگانەیە و هەروەها هەندێك گرفتی دیكە، چەندین خاوەنكار نارەزایی خۆیان دەردەبڕن، خاوەنكارێك وەرگرتنی پارەكە بە سەرانە وەسفدەكات، یەكێكی دیكەش دەڵێت "برایەكم چەندین ساڵە ماركێتی نەماوە، بەڵام ئێستا دەبێت 15 ملیۆن دینار بدات بە حكومەت وەكو دەستەبەر، جگە لەوەی غەرامەی چۆتە سەر"، رادیۆ نەواش زانیاری ورد دەخاتە روو سەبارەت بە چۆنێتیی وەرگرتنی پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە خاوەنكار. 
شیروان مەجید بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی "بەپشتبەستن بە یاسای 39ی ساڵی 1971، كە هەمواركراوەتەوە بۆ یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2012، بەپێی یاساكە هەر كرێكارێك لەلای خاوەنكار كاردەكات پێویستە دەستەبەر (چمان)ی بۆ بكرێت، ئەركی خاوەنكارە مانگانە لە 17%ی موچەی راستەقینەی كرێكار بدات بە بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كە لەو رێژەیە لە 5%ی لەسەر ئەستۆی كرێكار خۆی دەبێت و خاوەنكار لە موچەكەی دەیبڕێت و ئەوەی دەمێنێتەوە خاوەنكار  بۆی زیاددەكات و پێویستە مانگانە ئەو پارەیە بگەیەندرێتە بەرێوەبەرایەتیەكانمان لەسەرجەم پارێزگاكان". 

بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە سلێمانی وتیشی "لەبەرامبەر ئەو بەشداریكردنە ماف بۆ كرێكاران دەستەبەركراوە، كە گرنگترینیان مافی خانەنشینە، چەند مەرجێكی هەیە، ئەویش كرێكارێك پیاو بێت دەبێت تەمەنی 60 ساڵ بێت و 20 ساڵ خزمەتی هەبێت، بۆ كرێكاری ژن دەبێت تەمەنی 55 ساڵ بێت و 20 ساڵ خزمەتی كاركردنی هەبێت، ئەوا دەستەبەری كۆمەڵایەتی خانەنشینیی بۆ دەكات، بەڵام ئەگەر هاتوو نەگەیشتە ئەو تەمەنە و داوای خانەنشینی كرد، دەبێت 30 ساڵ خزمەتی هەبێت، یەكێك لەو مافانەی بۆ كرێكار دابینكراوە بریتیە لە گواستنەوەی خزمەتی ساڵی كاركردن لە كەرتی تایبەتەوە بۆ كەرتی گشتی، جگە لەوانەش هەر كرێكارێك واز لە كاركردن دەهێنێت، یان خۆی دەبێت بە خاوەنكار، دەتوانێت داوای پاداشتی كۆتایی خزمەت بكات". 
سەبارەت بە كاری دەستەبەری كۆمەڵایەتی و شێوازی سەردانكردنیان، شیروان مەجید وتی "لەرێگای لیژنەیەكەوە كە پێكهاتووە لە نوێنەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی، نوێنەری سەندیكای كرێكاران و نوێنەری ژووری بازرگانی، رۆژانە سەردانی سەرجەم پرۆژەكان دەكرێت و لەگەڵ خاوەنكار قسەدەكەن بۆئەوەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكارەكان بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەركێكی ماددی دەكەوێتە سەرشانی خاوەنكار، پێی خۆش نیە كرێكارەكان زانیاریان هەبێت و خۆیان دەشارنەوە لەو ئەركەی لەسەر شانیانە، هەندێك جاریش كرێكاران گلەیی لەئێمە دەكەن كە هوشیارییان پێنادرێت". 

بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە سلێمانی باسی لەوەشكرد "كرێكار موچەی راستەقینەی دەنوسرێت كە كەمترین موچە 285 هەزار دینارە و نابێت لەو رێژەیە كەمتر بێت و پێویستە لەسەر خاوەنكار  مانگانە سەردانمان بكات بۆئەوەی نوێترین زانیاریمان لەسەر ئەو كرێكارە پێبگەیەنێت، ئەگەر لەلای نەمابێت ئەوا پارەكەی دەبڕین، بەڵام ئاگادار نەبین ئەوا ئەو پارەیەی لەسەر هەژمار دەكرێت و سەرجەم پارەكانیش دەچێتە ژمارەیەكی بانكی لە حكومەت و مانگانە پێمان دەوترێت رێژەی پارەكە گەیشتۆتە چەند و رۆژانەش پارەی كۆتایی خزمەت بەو كرێكارانە دەدەین كە سەردانمان دەكەن".


رادیۆ نەوا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە و زانینی ڕای خاوەنكاران، سەردانی چەند دوكانێكی لە شاری سلێمانی كرد.
هونەر ئیسماعیل خاوەنی دوكانی فەرش فرۆشتنە لەسەر شەقامی 60 مەتری، بۆ رادیۆ نەوا وتی "تائێستا كەسم نەبینیوە بەناوی دەستەبەرییەوە هاتبن، بەڵام هاوسێ دوكانەكەم پێش 8 ساڵ سەردانی كردوون، براكەی لەوێ بووە، ئێستا پێی وتراوە 6 ملیۆن دینارت قەرز لایە وەكو دەستەبەریی شاگرد دەبێت بیگەڕێنیتەوە، پیشەكەی ئێمە تەنها لە دوو وەرزدا ئیشی دەبێت، هەندێك كات بۆ یەك مانگ 3 شاگرد رادەگرم، ناكرێت لەسەر ئێمە هەژمار بكرێت و پارەی زۆر بدەین، كە زانیاریمان نییە لەسەری، هەموو بابەتەكە سەرانەیە و بەناوی مافی كرێكار لێمان وەردەگیرێت".
عەلی كەمال خاوەنكارە و ماركێتێكی هەیە، ئاماژەی بەوەدا برایەكی ماركێتی هەبووە لە گەرەكی قرگە، سەردانیان كردوون و ئاماژەیان بەوەداوە دەستەبەری بۆ شاگردەكە دەكەن بێ ئەوەی خاوەنكار  لەوێ بوبێت و ئاگای لێبێت، دواتر شاگردەكە لەوێ نەماوە و دوكانیان نەماوە، ئێستا داوای 15 ملیۆن دیناریان لێكردووە، جگە لەوەی غەرامەشی چۆتەسەر .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group