دەیان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دژی گرێبەستی سەدە وەستانەوە

08/02/2020 نەوا

نەوا
بەدەستپێشخەری دوو ئەندامی جووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و بە واژۆی 107 ئەندامی دیموكراتەكان، یادداشتێك لە بارەی رەتكردنەوەی گرێبەستی سەدە ئاراستەی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەكرێت.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل و كەناڵی 13 ی ئەو وڵاتە هەر یەك لە ئالێن لوڤێنتاڵ و ئەندی لوڤین دوو ئەندامی جووی سەر بە دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا یادداشتێك لەبارەی رەتكردنەوەی گرێبەستی سەدە ئاراستەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەو وڵاتە كراوە.
ئەو یادداشتە لە لایەن 107 ئەندامی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا واژۆكراوە، كە نۆ كەسیان جوون و تێیدا هاتووە، گرێبەستی سەدە نەك كێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیەكان چارەسەر ناكات، بەڵكوو ئاڵۆزتری دەكات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، كە بە هۆی ئەو گرێبەستەوە زیان بەر پەیوەندیەكانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەكەوێت و هەستی دژایەتی ئەمریكاش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەدەستێنێت.
ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گرێبەستەكەیان بە نادادپەروەرانە ناوبردووە و رایانگەیاندووە، هیچ سەركردەیەكی فەلەستینی ناچێتە ژێر باری قبوڵ كردنی گرێبەستێكی لەو جۆرە.
هاوكات ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا داواشیان لە ئیسرائیل كردووە، گرێبەستەكە نەقۆزێتەوە بۆ پێشێلكردنی رێسا نێودەوڵەتیەكان و دۆڵی ئۆردون و چەند ناوچەیەكی جێی ناكۆك نەخاتە سەر خاكەكەی.
رۆژی 28ی كانونی دووەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترامپ بە ئامادەبوونی بینیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ناوەرۆكی گرێبەستی سەدەی خستەڕوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن فەلەستینیەكان و كۆمكاری عەرەبی و چەند وڵاتێكی تری ئیسلامیەوە رەتكرایەوە.
بەپێی گرێبەستەكە فەلەستین دەبێتە خاوەنی دەوڵەت و بڕی 50 ملیار دۆلاریشی بۆ بوژاندنەوەی ژێر خانی ئابوری پێدەدرێت، لەبەرامبەردا قودس دەكرێتە پایتەختی ئیسرائیل و زۆربەی ئەو شوێنانەشی لە ساڵی 1967ەوە دەستی بەسەردا گرتووە دەخرێتە سەرخاكەكەی.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group