له‌كاتی ژه‌هراویبون به‌ كلۆر ئه‌م رێنماییانه‌ په‌یڕه‌و بكه‌

10/02/2020

نه‌وا

له‌ پاش بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی به‌كارهێنانی كلۆری به‌سه‌رچو بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئاوی ماڵان له‌ سلێمانی، په‌یجی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ته‌ندروستیی چه‌مچه‌ماڵ نوسینێكی دكتۆر محه‌مه‌د ره‌سوڵ محه‌مه‌د له‌باره‌ی ژه‌هراویبون به‌ كلۆر بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

كلۆر ماده‌یه‌كی كیمیاییه‌، كه‌ رێگره‌ له‌ گه‌شه‌كردنی به‌كتریا له‌ناو ئاودا، به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئاوی مه‌له‌وانگه‌كان و ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان و پاككردنه‌وه‌ی ئاوی زێراب و پاشماوه‌ ده‌ستكرده‌كان، هاوكات ره‌گه‌زێكی چالاك و كاریگه‌ره‌ له‌ناو پێكهاته‌ی ماده‌ی پاككه‌ره‌وه‌دا.
ده‌كرێت ژه‌هراویبون له‌كاتی ده‌ستلێدان و قوتدان و هه‌ڵمژینی كلۆردا دروستببێت، كه‌ كلۆره‌كه‌ كارلێك ده‌كات له‌گه‌ڵ ئاوی ده‌ره‌وه‌ی له‌ش و له‌گه‌ڵ له‌شتدا ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی دروستبونی ترشی (هایدرۆكلۆریك و هیپۆكلۆریس) ئه‌مانه‌ش ژه‌هراوین بۆ مرۆڤ.
زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی ژه‌هراوی بون به‌ كلۆر له‌ ده‌رئه‌نجامی به‌هه‌ڵه‌ خواردنه‌وه‌ی پاككه‌ره‌وه‌كانه‌ نه‌ك مه‌له‌كردن له‌ناو له‌مه‌له‌وانگه‌كاندا.
نیشانه‌كانی ژه‌هراویبون به‌كلۆر:
1-كۆكه‌، گرفتی هه‌ناسه‌دان، كۆبونه‌وه‌ی شله‌ له‌ناو سییه‌كاندا.
2-سوتاندنه‌وه‌ی ناو ده‌م، ئاوسانی قوڕگ، ئازاری قوڕگ و گه‌ده‌، رشانه‌وه‌، بونی خوێن له‌ناو پیسایدا.

رێنمایی له‌كاتی ژه‌هراویبون به‌ كلۆر:
1-سه‌ره‌تا هه‌وڵبده‌ سه‌ردانی پزیشكی پسپۆڕ بكه‌یت.
2-ئه‌گه‌ر كلۆر له‌سه‌ر پێست ده‌ركه‌وت، به‌ئاو و سابون بیشۆ.
3-ئه‌گه‌ر كلۆر چوه‌ چاوته‌وه‌، بۆ 10 خوله‌ك ته‌نها به‌ ئاو بیانشۆ.
4-ئه‌گه‌ر كلۆرت به‌هه‌ڵه‌ قوتدا، راسته‌وخۆ ئاو یان شیر بخۆره‌وه‌.
5-ئه‌گه‌ر هه‌ڵم و بۆنی كلۆرت به‌سه‌رداهات، هه‌وڵبده‌ هه‌وای پاك هه‌ڵمژیت.
6-به‌زوترین كات بچۆره‌ سه‌ر شوێنێكی به‌رز بۆئه‌وه‌ی هه‌وای پاك هه‌ڵمژی


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group