دژەتیرۆر: بنكەیەكی داتا و زانیاری تەواومان لەسەر پاشماوەكانی داعش لایە

17/02/2020 عێراق

نەوا
سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عیراق ئاشكرایكرد، دەزگاكەیان بنكەیەكی داتا و زانیاری تەواوی لەسەر پاشماوەكانی رێكخراوی داعش لایە و دەزگا ئەمنیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانیش بۆ راوەدونانی ئەو پاشماوانە، بەكاریدەهێنن.
سەباح نوعمان لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقییە ئاماژەی بەوەداوە، ستراتیژ و تێڕوانینی دەزگای دژەتیرۆر بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی داعش بریتییە لە چۆنێتی سودوەرگرتن لە هەوڵی وەزارەت و دەزگاكانی دیكە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و خۆبەدورگرتن لە تاوانی تیرۆریستی.
وتیشی "دژەتیرۆر بنكەیەكی داتا و زانیاری گەورەی هەیە دەربارەی ئەو تیرۆرستانەی لە عیراقدا هەن، ئەو بنكە زانیاریە بوەتە سەرچاوەش بۆ دەزگا ئەمنییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و سودی لێ‌ وەردەگرن".
هەروەها لەلێدوانەكەیدا وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر باسی لەوەكردوە، چەند رۆژی داهاتو پرۆسەیەكی تایبەت ئەنجامدەدرێت، كە تێیدا حەشارگەی پاشماوەكانی تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەكان دەكرێنە ئامانج.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group