پەرلەمانی عیراق گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنی عیراق و چین دەكات

19/02/2020 عێراق

نەوا
پەرلەمانی عیراق ئەم وەرزەی یاسادانان بە گفتوگۆكردن لەسەر رێككەوتنی عیراق و چین دەستپێدەكات.
سوهام ئەلعقێلی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمیی وتووە، پەرلەمان داوای لە حكومەتی عیراق كردووە كۆپییەكی رێككەوتنی نێوان عیراق و چین-یان بۆ بنێرێت تا بدرێت بە لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی.
پەرلەمانتارەكەی عیراق راشیگەیاندووە، پێویستە هەر رێككەوتنێكی عیراق لەگەڵ هەر وڵاتێكدا بێتە ناو پەرلەمانەوە و بكرێت بە یاسا، بۆیە پەرلەمانی عیراق ئەم وەرزەی یاسادانان بە گفتوگۆكردن لەسەر رێككەوتنەكەی بەغدا و پەكین دەستپێدەكات، بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی یاسایەكدا رێكبخرێت و چاودێریی جێبەجێكردنی بكرێت.
وەرزی داهاتووی یاسادانانی پەرلەمانی عیراق لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستپێدەكات.
رێككەوتنی نێوان عیراق و چین قسەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و باس لە نیگەرانیی ئەمریكا دەكرێت لەو بارەیەوە، بەوەی عیراق بەم رێككەوتنە رێگەی بۆ چین خۆشكردووە لەزۆر بواردا لە عیراق بازرگانی و وەبەرهێنان بكات و لەبەرامبەردا پێگای ئابوریی ئەمریكا لە عیراق لەق بكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group