شاندی حزب و لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق كۆدەبێتەوە

19/02/2020 عێراق

نەوا
بڕیارە كەمێكی دیكە كۆبونەوەی نێوان شاندی حزبە كوردستانییەكان و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق دەستپێبكات و پێكهێنانی حكومەتەكەی عەللاوی تاووتوێبكەن.
دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە ئەندامی شاندەكەی حزبە كوردستانییەكانە لە بەغدا، بە میدیای فەرمیی حزبەكەی وتووە، شاندی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پێكەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و رۆڵ و پێگە و پشكی كورد لە حكومەتەكەی عەللاویدا، سەردانی بەغدایان كردووە و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كۆدەبنەوە.
تا ئێستا محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان رێكنەكەوتووە بۆ دیاریكردنی كاندیدانی كورد لە كابینەكەیدا، عەللاوی سورە لەسەر ئەوەی خۆی كاندیدی سەربەخۆ دیاریبكات، بەڵام بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵ ئەو میكانیزمەدا نین و دژی ئەوەن عەللاوی كاندیدانی كورد لە كابینە وزارییەكەیدا دیاریبكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group