پاپای ڤاتیكان چۆن لە حكومەت و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت؟

19/02/2020 جیهان

نەوا
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ڤاتیكان، ئەمڕۆ 19-2-2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان كۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی ئێستای عیراق و ناوچەكە، رەوشی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، بارودۆخی كریستیانەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانیان تاووتوێ كردوە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە قسەكانیدا سوپاسی پاپای ڤاتیكانی كرد، لە بەرانبەر پەیام و ئامۆژگارییەكانی بۆ قوڵكردنەوەی گیانی ئاشتیخوازی و لێبوردن و پێكەوەژیان لە نێوان گەلان و پێكهاتە جیاوازەكانی جیهان و عیراق و ناوچەكەدا. هەروەك پوختەیەكی دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستەڕو، بە تایبەت لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، كە هەمووان بە ئارامی و تەبایی دەژین و مومارەسەی مافە مرۆیی و ئایینی و كولتورییەكانیان دەكەن ئەمەش بەلای حكوومەتی هەرێم، هەمیشە جێگەی بایەخ بووە. هەروەك پەناگەیەكی ئارامیش بووە بۆ سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر، كە بەهۆی توندوتیژی و بارودۆخی ناوچە جیاوازەكانی عیراق و سووریاوە، روویان لە هەرێمی كوردستان كردوە.
لەو چوارچێوەیەشدا بانگهێشتی پاپای ڤاتیكانی كرد بۆئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.


لەلایەن خۆیەوە پاپای ڤاتیكان ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كرد، لەو كەشە ئارامەی بۆ تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان رەخساندویانە و شوێنی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرەیان كردوەتەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دەستەبەركردون.
هەروەك سوپاسی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە هەمیشە بە تەنگ پێكەوەژیان و ئاشتی و تەباییەوە بووە، لە روبەڕوبونەوەی گوتاری توندڕەویی و شەڕی تیرۆریش لە عیراق و ناوچەكەدا، كاریگەرییەكی زۆری هەبووە و بۆ مرۆڤایەتی و ئازادیی پێكهاتەكان و پارێزگاریكردن لە ماف و كەرامەتیان، قوربانیی زۆری داوە.
لەو دیدارەدا، ئاماژە بە رەوشی مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان كرا، كە جێگە و پێگەیان لە هەموو رووێكەوە پارێزراوە. ئەوەش خرایەڕوو، هەرێمی كوردستان نەك تەنها بۆ مەسیحییەكانی كوردستان، بەڵكوو بۆ مەسیحییەكانی تەواوی عێراق، هەرێمێكی ئارام بووە وبە ئاسوودەیی دەژین و نموونەیەكی جوانی بەیەكەوەژیانە.
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە یاوەری سەرۆكی حكومەت بوون، بریتیبون لە دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، خالید شوانی وەزیری هەرێم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group