وەزیری پلاندانی هەرێم: لەمساڵدا بڕی 180 ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخاندەكەین

19/02/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆبوەوە و بەڵێنی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی سلێمانی دا و رایگەیاند، لەساڵی 2020دا بڕی 180 ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخاندەكەن.
دوای كۆبونەوەكەیان، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا رایگەیاند، پرۆژەكان دوبارە دەستپێدەكەنەوە و ئەو پرۆژانەی لە 80%یان تەواوكرابون، تەمویل كراون و بڕی 15 ملیار دینار بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دابینكراوە، لەوەش سلێمانی یەك لەسەر سێی ئەو پارەیەی بەركەوت لەپێناو تەواوكردنی پرۆژەكاندا. 
لای خۆیشیەوە دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم وتی "پێشنیارمان كردوە سەرجەم پارێزگارەكان دەسەڵاتی تەواویان هەبێت لەو بڕە پارەیەی دابیندەكرێت و گرنگترین پرۆژەكان تەواوبكەن، سەبارەت بە بودجەی وەزارەتەكانیش ساڵی 2019 نزیكەی 33 ملیار دینارمان بۆ سلێمانی تەرخانكردوە و بڕیاردراوە بۆ ئەمساڵ 180 ملیار دینار تەرخان بكرێت بۆ پارێزگای سلێمانی".
وتیشی "گرنگترین ئەو پرۆژانەی دەكرێن، شەقامی 100 مەتریە، كە لە ماوەیەكی نزیكدا دەستدەكرێت بە دروستكردنی لەگەڵ پرۆژەی ئاوی دوكان و دەربەندیخان یەكێكن لە كارە لەپێشینەكان، جگە لەوانەش ئەو قوتابخانانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەواونەكراون لەگەڵ چاككردنەوەی شەقامەكان پارەیان بۆ تەرخانكراوە".
سەبارەت بە شەقامی 100 مەتری-یش، وەزیری پلاندانان جەختیكردەوە، ئەو شەقامە ماوەی سێ ساڵی بۆ دانراوە وەك بەشی یەكەمی پرۆژەكە و بڕوایان وایە لەماوەی كەمتر لەو وادەیەش تەواو ببێت.
سەبارەت بە سەرژمێری و ئاستی هەژاری لە هەرێم ئاماژەی بەوەدا، خۆشحاڵن بەوەی ئاستی هەژاری بەراورد بە عیراق كەمترە و لەسەرئاستی پارێزگاش، سلێمانی كەمترینە. هەروەها بۆ سەرژمێری سەرتاسەری بەردەوامن لە ئامادەكاریەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق و وەزارەتی پلاندانان و هەندێك كێشە هەیە بەتایبەت ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەوڵدراوە رێگاچارەیەك بدۆزنەوە، كە مافی خەڵكی ئەو ناوچانە پارێزراو بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group