عادل عەبدولمەهدی نامەیەكی یەكلاكەرەوە ئاراستەی پەرلەمانی عیراق دەكات

19/02/2020 عێراق

نەوا
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عیراق داوا لە پەرلەمان دەكات ئەركی پێكهێنانی حكومەت لەبەردەم محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئاسان بكات. هۆشداریش دەدات لە مەترسی چونە ناو بۆشاییەكی نوێی دەستورییەوە.
عادل عەبدولمەهدی لەنامەیەكدا بۆ پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوەداوە، دوای دوو مانگ و 15 رۆژ لە دەستلەكاركێشانەوەی، حكومەتی نوێ پێكنەهاتوە، كە بەپێی دەستور پێویست بوو راسپاردنی پاڵێوراوێكی نوێ‌ دوای 15 رۆژ بوایە لە وادەی دەستلەكاركێشانەوەكەی، بەڵام زۆر دواكەوتن و لە سەرەتای مانگی شوباتدا محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراوە، ئەوەش قەیرانی پرۆسەی سیاسی و بەڵكو قەیرانی هێز و دامەزراوە دەستوریەكان پیشان دەدات.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەی عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشداوە، لە 2-3-2020 ماوەی دەستوری بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ كۆتایی دێت و دەڵێت "باش لە زەحمەتی كارەكان تێدەگەین، كە روبەڕوی هەموان بوەتەوە، بۆیە ئەم نامەیە پێش كۆتاییهاتنی وادە دەستوریەكە ئاراستەی برایان و خوشكانی پەرلەمان و گەلی عیراقی دەكەین و هۆشداری دەدەین لە مەترسی كەوتنە ناو بۆشاییەكی نوێوە ئەوەش بەهۆی دواخستنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، داواش دەكەین پەلە بكرێت لە پێكهێنانی بۆئەوەی بە ئەركەكانی هەستێت لەوانەش هەڵبژاردنی پێشوەخت بە زووترین كات".
سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە داواش لە فراكسیۆنە سیاسییەكان و پەرلەمان و رای گشتی و ئەوانەی كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی بڕیار هەیە هەنگاوبنێن بەرەو ئاسانكردنی ئەركەكەی عەللاوی و تێپەڕاندنی بەربەستە جدی و دروستكراوەكان لەبەردەمی، چونكە سەرنەكەوتن لەو كارە و نەگەیشتنە رێككەوتن لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە دوای 3 مانگ  لەدەستلەكاركێشانەوەی حكومەت وڵات روبەڕوی قەیرانێكی مەترسیدار دەكاتەوە.
عادل عەبدولمەهدی دەشڵێت "دروست و گونجاو نییە بەردەوام بم لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتیە لەدوای 2-3-2020ەوە، چونكە هیچ چارەیەكم نامێنێت جگە لەوەی پەنا ببەمە بەر چارەسەرە دەستوریەكان و سیستمی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانجیشم لە هەموو ئەمانە هاوكاریكردنی حكومەتی داهاتوە بۆئەوەی سەركەوتوو بێت و وەستاندنی پێشێلكاریە دەستوریەكانە، كە دژی وڵات و سیستمی دیموكراسیی دەستورییە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group