لەبارەی قەیرانی بەنزین لە سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت

24/02/2020

نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەو نیگەرانییەی لەبارەی بەنزینەوە هەیە كە لەقەرەباڵغی لە بەنزینخانەكان دروست كردوە لەجێی خۆیدا نییە.
 شەوی دوشەممە، قەرەباڵغییەكی زۆر لە بەنزینخانەكانی سلێمانی دروست بوە، ئەوەش دوای داخستنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەرجەم دەروازە سنورییەكان.
لەو بارەوە رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەڕونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئەو نیگەرانییەی لەبارەی بەنزینەوە هەیە كە قەرەبالغی لەبەنزینخانەكان دروستكردوە لەجێگەی خۆیدا نییە، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار.
سەبارەت بە هۆكاری یەكەم، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسیویەتی "تەنیا ئێران سەرچاوەی بەنزینی سلێمانی نییە، هاوردەی بەنزین لە توركیا و وڵاتانی كەنداو بەردەوامەو دەتوانێت بۆشاییەكە پربكاتەوە."
هەروەها بەبڕوای رێكەوت زەكی هۆكاری دوەمیش ئەوەیە كە "خوانەكردە ھەر حالەتێكی كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار بكرێت باشترین خۆپارێزی ئەوەیە كە ھاولاتیان لەماڵەوە بن و دوركەونەوە لەقەرەباڵغی نەك بەرەو دەرەوە بڕۆن."
لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی هاووڵاتیانی سنوری پارێزگاكەی ئاگاداركردەوە، كە هیچ گرفتێك نییە بۆ هێنانی بەنزین لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە و تا دوێنێ (دووشەممە)ش زیاتر لە 200 تەنكەر بەنزین لە مەرزی باشماخەوە داخڵی سنوری هەرێمی كوردستان بوە، جگەلەوەش لە ناوەڕاست و خواروی عیراقیشەوە رۆژانە چەندین تەنكەر داخڵ دەبێت و لە توركیاوە بەهەمانشێوە بەبەردەوامی سوتەمەنی هاوردە دەكرێت بۆیە هیچ قەیرانێكی سوتەمەنی بونی نییە و ناشبێت لەئایندەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group