"داخستنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و نرخه‌كان نابێت"

24/02/2020

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، داخستنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان  له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌و گرانبوونی نرخه‌كان نابێت و ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیاو خاڵه‌ سنوریه‌كانی به‌غدا بۆ هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل به‌كار ده‌هێنرێت.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئیران سێ ده‌روازه‌ی سنوریمان هه‌بوو كه‌ ئێستا داخراون چونكه‌ ژیانی مرۆڤ گرنگتره‌ له‌ شتومه‌ك، ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ده‌رچووه‌ بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤه‌، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ش دروست ده‌بێت له‌ هاورده‌كردنی شتومه‌ك له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی ئێران كه‌ ئێستا داخراون، ده‌كرێت ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی دیكه‌ به‌كاربهێنین كه‌ له‌ ئێستادا وه‌كو جێگره‌وه‌ سودی لێده‌بینین له‌وانه‌ش رێگه‌ی توركیا "ئیبراهیم خه‌لیل، ئه‌سكه‌نده‌رۆنه‌و مێرسین"، جگه‌ له‌وه‌ش تائێستا له‌ سنوری هه‌رێمی كوردستان  شتومه‌ك ره‌وانه‌ی عیراق و پارێزگاكانی دیكه‌ ده‌كرا له‌ ئێستادا ده‌كرێت پێچه‌وانه‌بكرێته‌وه‌و له‌ رێگه‌ی عیراقه‌وه‌ بهێنرێته‌ هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ پێشتریش كه‌لوپه‌له‌كان له‌ 25% بۆ هه‌رێمی كوردستان بوو 75% بۆ ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق بوو، ده‌كرێت له‌ ئوم قه‌سره‌وه‌، خۆر زوبێرو رێگه‌ی ئوردون و عه‌رعه‌ر و خاڵه‌ سنوریه‌كانی دیكه‌ شتومه‌ك هاورده‌ بكرێت و بهێنرێته‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌شی وت: "جگه‌ له‌ گۆڕانكاری ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستانیش پاشه‌كه‌وتێك هه‌یه‌ كه‌ بتوانرێت تاوه‌كو تێپه‌ڕبوونی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆناو گۆڕانكاری كه‌ش و هه‌واو گه‌رمبوونی، چاره‌سه‌ری كه‌مبوونه‌وه‌ی خۆراك و شتومه‌ك بكرێت و رێگری له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كانیش بكرێت له‌ بازاڕه‌كان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group