غالب محه‌مه‌د: دابه‌زینی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری له‌سه‌ر بودجه‌ و موچه‌ی عیراق و هه‌رێم ده‌بێت

09/03/2020 عێراق

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا ده‌ڵێت، دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌بێته‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی داهاتی عیراق و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نه‌وادا باسی له‌ كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا كرد و رایگه‌یاند، داهاتی عیراق 50% كه‌مده‌كات، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر بودجه‌ی 2020ی وڵاته‌كه‌ ده‌كات و ناچاری ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بڕی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌ ساڵانی 2015-2017 هه‌یبوو، كه‌ نزیكه‌ی 80 تریلیۆن دینار بوه‌.
په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ وتیشی "دابه‌زینی نرخی نه‌وت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابوری عیراق و بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌بێت، دۆخی مادی عیراق خراپ ده‌بێت و پێناچێت به‌وه‌ رازی بێت هه‌رێمی كوردستان نه‌وت هه‌نارده‌بكات و مانگانه‌ پاره‌شی بۆ بنێردرێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group