كەشناسی هەرێم: هەرێمی كوردستان كەشێكی ناسەقامگیر روی تێدەكات

17/03/2020

نەوا
كەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت، ناوچەكەمان كەشێكی ناسەقامگیر روی تێدەكات و باران بارین شار و شارۆچكەكان دەگرێتەوە. 
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێم لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی داهاتوو بە كەشێكی ناسەقامگیر تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ باران بارین بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای هەولێر و لێزمە باران بەشێك لە سنووری پارێزگای دهۆك دەگرێتەوە، رۆژی چوارشەممە كاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەك كە سەنتەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە دەكەوێتە سەر بەشێك لە ناوچەكەمان و لە ئەمشەودا كاریگەری باران بارین درێژ دەبێتەوە بۆسەر تەواوی ناوچەكە ئاستی باران بارین لە دهۆك بەتایبەتی سنووی نێوان پارێزگای دهۆك و هەولێر وەك مێرگەسور، بارزان، ئاكرێ و ئامیدی هەروەها سەنتەری دهۆك و ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگا، سەنتەری هەولێر و قەزاو ناحیەكانی ناوچە شاخاویەكان ئەگەری باران بارینی بەلێزمەو زۆری هەیە، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو كەركوك ئاستی باران مامناوەند دەبێت.
ئەوەش راگەیەندراوە، پێشبینی بەفر بارین لەسەر لوتكەی ناوچە شاخاویە سنوریەكان هەیە، ئەگەری بەرزبونەوە بارستەیەك لە تۆزوخۆڵ هەیە لە ناوچەكانی باشوری هەرێم كە لەگەڵ باران تێكەڵ دەبێت و پلەكانی گەرما روو لە نزم بونەوە دەكات بە3 تا 6 پلەی سیلیزی، خێرای با زیاد دەكات و هەورە تریشقەش لە كاتی باران بارین دەبێت، رۆژی پێنجشەممە كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتای دێت بەڵام باران بارین لەسەر ناوچەكە  بە پچڕ پچری دەمێنێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group