هه‌ڵوێستی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو له‌باره‌ی موچه‌و بودجه‌ی هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

18/03/2020

نه‌وا-كاروان مه‌حمود
په‌رله‌مانتارێكی كورد هه‌ڵوێستی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق له‌باره‌ی موچه‌و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت "كاندیدی راسپێردراو زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت روبه‌ڕوی رێگرییه‌كانی به‌رده‌می ببێته‌وه‌". 
جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق له‌لێدوانێكدا به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، دۆخی كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ئێستادا به‌جۆرێكه‌، كه‌ نرخی نه‌وت زۆر دابه‌زیوه‌ و نزیكه‌ی 28 دۆلاره‌و نه‌وتی عیراقیش ده‌درێت به‌ 22 دۆلار و 2 دۆلاری بۆ خه‌رجی ده‌ڕوات، كه‌واته‌ نه‌وت ده‌درێته‌ 20 دۆلار، به‌وه‌ش ئاسان نییه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق دابینبكرێت، ئینجا بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت چۆن بێت؟ 
ئه‌وه‌شی وت "ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ باس له‌ كاندیدی راسپێردراو بكه‌ین، كاندیدی راسپێردراوی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2019 له‌ ساڵی 2018دا پشتیوانیكردین به‌وه‌ی كورد له‌ پرسی ریفراندۆم ده‌رچوه‌ و ده‌بێت موچه‌ و بودجه‌ی ره‌وانه‌ بكرێت، به‌ڵام كاتێك شه‌قامی عیراقی نیگه‌رانی تێكه‌وت له‌سه‌ر پرسی راده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم، عه‌دنان زورفی داوایكرد هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستبكات و پابه‌ندی رێككه‌وتن بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناكرێته‌ پێوه‌ر، چونكه‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا و له‌كاتی دانوستاندن هه‌ڵوێستی گۆڕانكاری تێدا هه‌بوو به‌رانبه‌ر به‌ كورد".
راشیگه‌یاند، به‌پێی ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر پۆستی ئیداری هه‌بوه‌، ده‌كرێت رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكرێت و ده‌بێت ئێمه‌ وه‌كو كورد بزانین چیمان ده‌وێت و دانوستان بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانیكردنی بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌شی، جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاشكرایكرد، ته‌نها بۆچونی كوردو سوننه‌ به‌س نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ عه‌دنان زورفی پێشتر زۆر دژایه‌تی گروپه‌ میلیشیاكانی كردوه‌ و به‌وه‌ش له‌ئێستادا دژایه‌تییه‌كی زۆری ده‌كرێت و زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت روبه‌ڕوی ئه‌و كێشانه‌ ببێته‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group