رێواس فایەق: سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی یاسایەكین بۆ ئەو دۆخەی كۆرۆنا هێناویەتیە ئاراوە

02/04/2020

نەوا
رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و رایگەیاند، سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی یاسایەكن بۆ ئەو دۆخەی كۆرۆنا هێناویەتە ئاراوە، وتیشی، پێویستە حكومەت لەباجی خانوربەرەی ئەمساڵ خۆشبێت، تا خاوەن موڵكەكانیش بتوانن لە هاووڵاتیانی كرێچی خۆشبن.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ئیدارەی گەرمیانەوە رێواس فایەق رایگەیاند، سەردانی شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، تا وەكو ئەركی چاودێریی پەرلەمانی كوردستان بزانن تا چەند لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمجومەنی وەزیران، پێداویستیی ئیدارە ناوخۆییەكانی دابینكردووە.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشیكرد، بیرۆكەی دەركردنی بڕیارێكیان لا گەڵاڵە بووە لە پەرلەمان، كە پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی ئەو كاسبكارنەوە هەیە لە ئێستادا ناتوانن كاربكەن، هەروەها ئەوەش لەخۆبگرێت، كە حكومەتی هەرێم لە باجی دەرامەتی ئەم دوو مانگە و لەكرێی خانو و دوكان و باڵەخانەكانی كە خۆی خاوەندارێتیی دەكات، خۆشبێت.
رێواس فایەق بەپێویستیشیزانی، پێویستە حكومەتی هەرێم لە باجی خانوبەرەی ئەمساڵ خۆشبێت، تا خاوەن خانو و دوكان و باڵەخانەكانیش بتوانن لای خۆیانەوە لە كرێی مانگانەی هاووڵاتیان خۆشبن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group