"لە 2013-وە موچە و هاوكاری بۆ هیچ توشبویەكی ئۆتیزم نەبەستراوە"

02/04/2020

نەوا
سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان دەڵێت، لە 2013وە هیچ توشبویەكی ئۆتیزم موچە و هاوكارییان بۆ نەبڕدراوەتەوە و لە سلێمانی تەنها 72 توشبوی ئۆتیزم هاوكارییەكە وەردەگرن، كە بڕەكەی 150 هەزار دینارە.
ئاراس عوسمان سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆ نەوا باسی لە بارودۆخی توشبوانی ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستان كرد و وتی، رەوشەكە لە هەرێم بۆ توشبوانی ئۆتیزم باش نییە، تەنها 3 سەنتەر لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكن، لەكاتێكدا نزیكەی 2 هەزار توشبوی ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستاندا هەن.
سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی ئۆتیزم راشیگەیاند، یەكێك لە دیارترین كیشەكانی توشبوانی ئۆتیزم و خێزانەكانیان كێشە دەرونییەكان و نەبوونی شوێنە بۆ چارەسەركردن و راهێنانی ئەو منداڵە توشبوانە، ئەمە جگە لە نەبوونی هۆكاری گواستنەوەی منداڵانی توشبو و بردنیان بۆ سەنتەرە تایبەتەكان.
ئاراس عوسمان ئاشكراشیكرد، لەساڵی 2013-وە بەستنی موچە و هاوكاری بۆ توشبوانی ئۆتیزم راگیراوە و لەسلێمانی لەكۆی زیاتر لە 250 توشبوی ئۆتیزم، تەنها 72 كەسیان هاوكاریی حكومەت وەردەگرن، كە بڕەكەی 150 هەزار دینارە، بۆیە داوایكرد پەلەبكرێت لە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011، كە خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان و توشبوانی ئۆتیزم دەتوانن سودمەندبن لێی.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group