دەیان باڵندەی جۆری "قورینگ" لە ناوچەیەكی كوردستان مرداربونەتەوە

03/04/2020

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری سەربە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەدواداچون و توێكاری بۆ مرداربونەوەی دەیان باڵندەی سیقورینگ "قورینگ" لە چیای مامەڕووت لە ناحیەی قەسرێ دەكات.
لەوبارەیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان لە پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك رایگەیاندوە، رۆژی شەممە 4-4-2020 تیمی پزیشكی ڤێتێرنەری لە ڤێتێرنەری هەولێر بەهاوكاری قائیمقامیەتی قەزای چۆمان و ڤێتێرنەری چۆمان دەچنە شوێنی مرداربونەوەی باڵندەكان و دەستدەكەن بە بەدواداچوون، چەند لاشەیەك دەبەنەوە هەولێر و لە تاقیگەی ناوەندی ڤێتێرنەریی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو توێكارییان بۆ ئەنجامدەدەن.
هەروەها ئەوەشی رونكردوەتەوە، رێكخراوی وارەمیر بۆ پاراستنی ژینگە سەردانی شوێنەكەیان كردوە و پێیانوتون هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمی وەزارەتی كشتوكاڵ بكەن بۆ بەدواداچون لەپێناو گەیشتن بە ئەنجام.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group