لە بەریتانیا و ئیسپانیا زیاتر لە 1200 كەسی تر بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

04/04/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا و ئەو كەسانەی بە هۆی ڤایرۆسەكەوە لە بەریتانیا و ئیسپانیا گیان لەدەستدەدەن بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە.
بەپێی ئامارە فەرمیەكانی حكومەتی بەریتانیا لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 708 كەسی تر لەو وڵاتە بە هۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و بەمەش كۆی ئەو كەسانەی تا ئێستا بە هۆی ڤایرۆسەكەوە مردوون گەیشتە چوار هەزار و 313 كەس.
هاوكات بە تۆماركردنی سێ هەزار و 735 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا ژمارەی تووشبووان لە بەریتانیا گەیشتوەتە نزیكەی 42 هەزار كەس.
لە ئیسپانیاش كە دوای بەریتانیا لە 24 كاتژمێری رابردوودا زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدان بە هۆی كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە، 546 حاڵەت راگەیەنراوە و پێنج هەزار و 537 كەسی دیكەش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.
لە ئێستادا 124 هەزار و 736 كەس لە ئیسپانیا وەك تووشبووی كۆرۆنا تۆمار كراون و 11 هەزار و 744 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group