لەسەر كۆلارە سێ كەس كوژران و دوانی تر برینداربوون

08/04/2020 جیهان

نەوا
بەهۆی شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە لە پایتەختی ئەفغانستان لەسەر هەڵدانی كۆلارە سێ كەس كوژران و دوانی تر برینداربوون.
هەڵدانی كۆلارە لە ئەفغانستان لایەنگری زۆری هەیە، بەتایبەتی لە كۆتایی زستان و سەرەتای بەهار و لە ئێستاشدا كە خەڵك بە هۆی كۆرۆناوە لە ماڵەكانیانن، كۆلارەیەكی زیاتر بە ئاسمانی كابۆلی پایتەختی ئەفغانستانەوە دەبینرێت.
بەپێی وتەی بەرپرسانی پۆلیسی كابۆل لە یەكێك لە گەڕەكەكانی ئەو شارە لەسەر هەڵدانی كۆلارە شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە روویداوە، لە ئەنجامدا سێ كەس لە هەردوولا كوژراون و دووانی تر برینداربوون.
پۆلیس لەسەر رووداوەكە پێنج كەسی دەستگیركردوە، كە چەكیان پێبووە.
ئەفغانستان یەكێك لەو وڵاتانەیە كە ژمارەیەكی زۆر چەك بەدەست خەڵكەوەیە و بە پێی خەمڵاندنەكانی پۆلیسی كابۆل تەنها لەو شارەدا 80 هەزار چەك لە لای هاوڵاتیانە و لە زۆربەی كێشە كۆمەڵایەتیەكاندا هاولاتیان پەنا بۆ چەك دەبەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group