كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داوایەكی بەپەلە ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات

10/04/2020

نەوا
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داوایەكی بەپەلە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ نەكرێت ئەوا بەتەواوی توشی داڕوخانی بەرهەمهێنانی كەرتی پەلەوەری دەبین.
لەوبارەیەوە نازم عەبدوڵڵا جاف جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت "داوایەكی بەپەلە ئاراستەی سەرۆكی حكومەت و پەرلەمان و وەزیری  كشتوكاڵ و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزیری دارایی و تەواوی یەكە ئیدارییەكان دەكەین بەوەی چیتر بێ دەنگ مەبن، وەرنە سەر خەت لەگەڵمانبن، كێشەكانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان چارەسەربكەن تا كار نەگەیشتۆتە داخستنی سەرجەم هۆڵەكانی بەرهەمهێنانی مریشك".
راشیگەیاند، ساڵانە ئەو كێشانەیان دوبارە دەبێتەوە و هیچ گوێیان لێ ناگیرێت لەكاتێكدا بەرهەمهێنانی مریشك لەسەر خاوەن هۆڵەكان دوو هەزار و 100 دینار دەوەستێت،بەڵام لەئێستادا دەدرێت بە هەزار و 550 دینار لەناو هۆڵەكان، كە ئەوە كارەساتێكی گەورەیە لە هەرێمی كوردستاندا.
هەروەها داواكارن ئەو لایەنانە لە تەواوی ساڵدا یەك نرخ بۆ فرۆشتنی مریشك دیاری بكەن بۆئەوەی نە خاوەن كێڵگەكان بەردەوام لە زەرەردابن نە نرخیش لەسەر هاووڵاتیان زیادبێت.
نازم عەبدوڵڵا جاف جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان جەختدەكاتەوە ئەگەر حكومەت بەدەم داواكارییەكانیان نەچێت، ئەوا دەرگای هۆڵەكان بەتەواوی دادەخرێن ئەوكات كەرتی بەرهەمهێنانی مریشك بەتەواوی توشی داڕوخان دەبێت و نرخ زۆر گران دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group