"ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانى كورد به‌و قوماره‌دا بچنه‌وه‌ كه‌ به‌ بودجه‌ و موچه‌ى خه‌ڵكه‌وه‌ كردیان"

20/04/2020 عێراق

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات چیتر قومار به‌ بودجه‌ و موچه‌ی هاووڵاتیانه‌وه‌ نه‌كات و گومانیشی هه‌یه‌ له‌وه‌ی حكومه‌تی نوێی عیراق هاوشێوه‌ی ساڵی 2019 موچه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت.
د.موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌به‌رنامه‌ى "ئاراسته‌"ى رادیۆ نه‌وادا جه‌ختیكرده‌وه‌ ئاگادارى چوونى شانده‌كه‌ی هه‌رێم نین بۆ به‌غدا و وتى "هه‌روه‌ك جاره‌كانى تر له‌ میدیاوه‌ زانیومانه‌ وه‌فد هاتۆته‌ به‌غدا".
له‌باره‌ى گفتوگۆكانیشه‌وه‌ وتى "دواى داڕوخانى نرخى نه‌وت پێویسته‌ رێككه‌وتنى نوێ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت، چونكه‌ پێناچێت ئه‌و سازشه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ كورد كردى له‌ بودجه‌ى 2019دا، حكومه‌تى داهاتوو له‌ كه‌مبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتدا له‌و كه‌ره‌مه‌ به‌رده‌وام بێت".
ته‌ئكیدیشى كرده‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت كورد به‌حساباتى خۆیدا بچێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت به‌و قوماره‌ى كرا به‌ موچه‌ و بودجه‌ى خه‌ڵكه‌وه‌ و خۆیان نه‌وت ده‌فرۆشن".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ شیروان میرزا په‌رله‌مانتارى عیراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌به‌رنامه‌كه‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، كه‌ نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا ئاگادارى سه‌ردانى شانده‌كه‌ی هه‌رێم نین بۆ به‌غدا و وتى "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كراوه‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕی به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت، ده‌ستپێكێكى باشه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌كانى داهاتو".
وتیشى "ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان نه‌وت راده‌ستبكات، ئێمه‌ش باشتر ده‌توانین داكۆكى له‌ مافى خه‌ڵك بكه‌ین له‌بودجه‌دا ئه‌گه‌رچى من گومانم هه‌یه‌ ئه‌مساڵ عیراق بودجه‌ى هه‌بێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group