نه‌وا
رۆژی سێشه‌ممه 5-5-2020 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوه‌وه و پاش تێپه‌ڕبونی رۆژێك به‌سه‌ر گفتوگۆكاندا، راگه‌یه‌ندراوێك له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكرایه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ ده‌رباره‌ی دۆخی دارایی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و رێوشوێنه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كراوه، كه به‌شێكه له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا خسته‌ڕو تایبه‌ت به بابه‌تی شایسته داراییه‌كان و دۆسێی نه‌وت و گاز. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وێڕای ده‌ستخۆشی له شانده‌كه و به‌رزنرخاندنی هه‌وڵه‌كانیان، پێشنیاره‌كانی شانده‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد بۆ به‌رده‌وامیدان به كۆبوونه‌وه‌كان له‌پێناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دابینكردنی ماف و موچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی چاكسازی-یش، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی یاسای چاكسازیی به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای چاكسازیی په‌سه‌ندكرا و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانیش راسپێردران به وه‌رگرتنی رێككاری پێویست به ئاراسته‌ی زامنكردنی مافی موچه‌خۆری شایسته.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌م بڕیارانه‌شی ده‌ركرد:
كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان :
له دوای گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه، سه‌باره‌ت به كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ی دا:
1-كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه و ده‌رماڵه‌ی خاوه‌ن وه‌زیفه باڵاكان و پله تایبه‌ته‌كان له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له بواره‌كانی خزمه‌تی شارستانی و سه‌ربازیی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ئه‌وانه‌ی به‌و پلانه خانه‌نشین بوون یان خانه‌نشین ده‌بن.
2-خه‌رجكردنی ته‌نیا موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و پله تایبه‌تانه‌ی كه له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ن و سه‌رۆكی یه‌كه كارگێڕییه‌كان له پارێزگار و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه كه معومن و پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له ماوه‌ی 30 رۆژ له چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازیی چاره‌نووسی وه‌زیفیان یه‌كلایی بكاته‌وه.
3-پێویسته وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری مووچه ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه خه‌رج بكات كه تۆمارن له داتابه‌یسی تۆماری بایۆمه‌تری و به فیعلی له خزمه‌تی وه‌زیفیدان، هه‌روه‌ها بڕینی مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به فیعلی خزمه‌تی وه‌زیفی ناكه‌ن.
4-كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی بۆ نزمترین ئاست به جۆرێك ته‌نیا بواره سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌رجی بگرێته‌وه وه‌كو بواری دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگه‌یی و خواردنی نه‌خۆشخانه و زیندانییه‌كان و خانه‌ی به‌ساڵاچووان و نه‌وجه‌وانان ومنداڵان و شێڵته‌ره‌كانی ژنان وپاكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كان و پێداویستیه‌كانی ئاو و كرێی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و چاكردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانه‌كان.
5-په‌یڕه‌وكردنی سیستمی نوێی ئۆنلاین بۆ خه‌رجكردنی بودجه‌ی ته‌شغیلی له پێناوی بره‌ودان به شه‌فافیه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی رووتین.
6-ڕاگرتنی خه‌رجییه‌كانی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان (پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان).
7-پێداچوونه‌وه به نه‌سریه و پێشینه‌ی وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری به ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ نزمترین ئاست.
8-راگرتنی خه‌رجكردنی راسته‌وخۆی وه‌زاره‌ته‌كان له‌سه‌ر به‌شه داهاتی خۆیان.
9-پێداچوونه‌وه به خه‌رجییه‌كانی خزمه‌تگوزاریی بواری نه‌وت و گاز.
زیادكردنی داهات:
له ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه سه‌باره‌ت به زیادكردنی داهات، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌ركرد:
1-ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه به شێوه‌ی گرێبه‌ست له ده‌روازه سنوورییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێن به جۆرێك، ده‌بێت داهاتی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت.
2-هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و لێخۆشبوونانه‌ی كه دراون له ره‌سمی گومرگ و باج كه ناگونجێن له‌گه‌ڵ یاسا وڕێنماییه‌كان.
3-كۆنتڕۆڵكردنی ده‌روازه سنوورییه‌كان به‌مه‌به‌ستی رێگری له هه‌ر كارێكی نایاسایی كه زیان به داهاتی گشتی بگه‌یه‌نێت.
4-پابه‌ندكردنی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانی بواری نه‌وت و گاز، كۆمپانیاكانی بواری سكیوریتی و كۆمپانیاكانی بواری په‌یوه‌ندی و ئینته‌رنێت و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون به پێدانی باج له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كان.
5-ڕێكخستنه‌وه‌ی میكانیزم و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه رسوماتی خزمه‌تگوزاریی وه‌زاره‌ته‌كان به شێوه‌ی گرێبه‌ست كۆده‌كه‌نه‌وه به‌جۆرێك كه له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت.
6-سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر هاورده‌كردن و پاڵاوتنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان.
7-پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پۆڵینی سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه بكات كه زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر ئه‌نجام دراوه، سه‌ره‌ڕای پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه‌ی به گرێبه‌ست به‌كرێدراون له رووی نرخ و شێوازی گرێبه‌ست بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سامانێكی نیشتمانیی مامه‌ڵه‌یان پێوه بكرێت.
8-هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌رخانكردنی زه‌وی بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانیان پێدراوه، به‌ڵام ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان نه‌كردووه.
9-هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌رخانكردنی زه‌وی كه به موساته‌حه دراون، به‌ڵام ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان نه‌كردووه.
10-تاپۆكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه به شێوه‌ی كارت ته‌رخانكراون بۆ هاووڵاتیان و هه‌روه‌ها تاپۆكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان به ناوی هاووڵاتیان و پێداچوونه‌وه به نرخی خزمه‌تگوزارییی كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون.
11-جه‌ردكردنی سه‌رجه‌م موڵك و ماڵی حكومه‌ت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان له لایه‌ن وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه تا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ داهاتی گشتی مامه‌ڵه بكرێت.
12-وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه بازرگانییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسای چاكسازیی.
13-په‌سه‌ندكردنی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی دابه‌شكردنی كاره‌با و كۆكردنه‌وه‌ی كرێی به‌شداربووانی كاره‌با له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه له ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێری حكومه‌ت.
14-په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی كڕینه‌وه و به بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت له ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێری حكومه‌ت به مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ.
15-داشكاندنی ڕێژه‌یه‌ك له‌و پێشینانه‌ی حكومه‌ت كه له لای هاووڵاتیانه (پێشینه‌ی خانووبه‌ره و پێشینه‌ی هاوسه‌رگیریی و قه‌رزی بچووك) به مه‌رجێك هاووڵاتیان ئاماده بن تا ڕۆژی 15 ی حوزه‌یرانی 2020 ته‌واوی بڕی پێشینه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ حكومه‌ت.
سووككردنی باروگوزه‌رانی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا زیانمه‌ندبوون:
1-لێخۆشبوو‌ن له كرێی كرێچی موڵكه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی یان پیشه‌سازی یان كشتوكاڵی یان هه‌ر مه‌به‌ستێكی تر، بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌ی ئاسایی به‌كاریبهێنێت به‌هۆی داخستن به پێی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزیی له كۆرۆنا یان قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ.
2-به‌خشینی هاووڵاتییان له دواكه‌وتنی پێبژاردن كه كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆیان له ئه‌نجامی پابه‌ندنه‌بوونی یاساییان به‌رامبه‌ر به دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر واده‌ی پابه‌ندبوونه‌كه‌یان كه‌وتبێته ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی تێدا دراوه وه‌ك ڕێكاریی خۆپارێزیی.
3-دواخستنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی بڕی گوژمه‌ی سه‌ر هاووڵاتییان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دامه‌زراوه‌ی حكومی و شاره‌وانییه‌كان بۆ ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ به‌بێ ئه‌ژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكه‌وتن بۆ ئه‌و ماوه‌یه.
4-له‌سه‌ر وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی پێویسته ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێته به‌ر به‌رامبه‌ر به كرێچی موڵكه‌كانی ئه‌وقاف له‌ژێر ڕۆشنایی بڕگه‌كانی ئه‌م بڕیاره.
5-بڕی (15%) له سه‌دا پازده داده‌شكێندرێت له‌و بڕه پاره‌یه‌ی كرێچی ده‌یدات له كرێی ئاو و كاره‌با كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی قه‌رزدار پێش ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره، ئه‌م داشكاندنه به‌رده‌وام ده‌بێت تاكو 15-6-2020.
6-پێویسته له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی باج ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و ماوه‌كانی داخستنی شوێنه بازرگانی و پیشه‌سازی و پیشه تایبه‌ته‌كان و هه‌روه‌ها چالاكییه‌كانی تر كه ده‌كه‌ونه ژێر باری باجی داهات ، هه‌ژمار نه‌كه‌ن وه‌ك ماوه‌ی چالاكی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی داهات كه‌ده‌كه‌ونه ژێرباری وه‌رگرتنی باج به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه.
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام:
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ت، ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌ركرد:
1-ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمی فه‌رمانبه‌ران ته‌نیا له دیوانی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت له رێكه‌وتی 6-5-2020ه‌وه.
2-وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان و رێكخستنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران به‌پێی پێویست و به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان له 11-5-2020.
3-فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ده‌كات به‌مه‌به‌ستی كارئاسانی له جێبه‌جێكردن و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی.
4-هاووڵاتییان له دوای 11-5-2020ه‌وه ده‌توانن سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كان بكه‌ن به له‌به‌رچاوگرتنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان.
لامه‌ركه‌زی ئیداری:
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر كاركردن بۆ چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیداریی له سه‌رجه‌م پارێزگاكان به بێ جیاوازی و به‌و شێوه‌یه‌ی له به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه به جۆرێك كه گونجاو بێت له گه‌ل سیسته‌می یاسایی و كارگێڕی هه‌رێمی كوردستان و شۆركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و دابه‌شكردنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی به پێی یاسا، له ژێر چاودێری سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.