نەوا
سەرۆكی ئەمریكا بڕیارێكی واژۆكرد، كە كۆتایی دەهێنێت بە پارێزبەندی یاسایی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی وەك تویتەر و فەیسبووك.
دۆناڵد ترامپ لە كاتی واژۆكردنی ئەو بڕیارە، رایگەیاند: ئازادی رادەربڕین بەرەوڕووی مەترسیدارترین دۆخ بووەتەوە، كە لە مێژووی ئەمریكادا هاوشێوەی نەبینراوە.
سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، چەند تۆڕێكی كۆمەڵایەتی دەستیان بەسەر كۆی پەیوەندیە گشتی و تایبەتەكاندا گرتووە و هێزێكی زۆریان هەیە بۆ ئاراستەكردنی رای هاوڵاتیان لە رێگەی سانسۆر، گۆڕینی راستیەكان و شاردنەوە و دەستوەردان لە بابەتەكان.
بەپێی بڕگەی 230 لە یاسای ساڵی 1996 ی پەیوەندیەكانی ئەمریكا، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وەك سەكۆیەك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، نەك وەك دەزگایەكی بڵاوكردنەوە، بەو واتایایە بەرپرس نین لە ناوەرۆكی ئەو شتانەی كە بەكاربەرانیان بڵاویدەكەنەوە، بەڵام بە پێی بڕیارە نوێكەی ترامپ لەمەودوا وەك دەزگایەكی بڵاوكردنەوە دەكرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
ئەمەش دوای ئەوەدێت كە هەفتەی رابردوو تویتەر هێمای هەڵسەنگاندن بۆ راستی و دروستی لە تویتێكی دۆناڵد ترامپ زیاد كرد، ئەوەش توڕەیی و نیگەرانی ناوبراوی لێكەوتەوە و رایگەیاند، كاردانەوەی دەبێت.