" یاسای عێراق شمولتان ناكات خانەنشینیتان بە ستەملێكراوان مەفرۆشنەوە"

01/07/2020

نەوا
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: هەندێك پەرلەمانتار رەتكردنەوەی خانەنشینی كە شمولیان ناكا بە خەڵك دەفرۆشنەوەو دەیانەوێت ئێمەش لە پارەی خانەنشینیەكەمان خۆش بین بۆ ئەم حكومەتە گەندەڵكارە.
شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، نوسیویەتی، "یاسای عێراق شمولتان ناكات خانەنشینیتان بە ستەملێكراوان مەفرۆشنەوە."
بەپێی قسەی شێركۆ جەودەت، یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی دەگرێتەوە چونكە ھەمو پەرلەمانتارانی یەكگرتو مەرجی پەنجا ساڵ تەمەن و پانزە ساڵ خزمەت زیاتریشیان ھەیەو دەبێت.
باسی لەوەشكردوە،"بەڵام بەداخەوە ھەندێك، ھیچكام لەم مەرجانەی تیا نییەو دێت و رایدەگەیەنێت كە (خانەنشینی پەرلەمانتاریم ناوێت)و بەو گەلە ستەمدیدەیەی دەفرۆشێتەوەو ئێمەش ناچار ئەكات راستییەكان بخەینەڕو."
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە وەك پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتو تەنانەت مانگانەو لەكاتی خۆیدا خانەنشینی زیاتر لە پانزە ساڵ خزمەتی وەزیفی پێش پەرلەمانتاریشمان لێبڕاوە كە ئێستا ھەندێك دەیانەوێت لێیخۆشبین بۆ ئەم حكومەتە گەندەڵكارەو بەدڵی خۆمان پرۆژەو ئەركی خێرخوازی پێنەكەین."
لەكۆتاییشدا نوسیویەتی،"بۆیە زۆر پێویستە كە رونبێتەوە خانەنشینی  پەرلەمانتار دوجۆرن، یەكەمیان تەواو یاسایی و دروستەو دوەمیان ستەمە لە سیستمی خانەنشینی و بەبێ خزمەت و تەمەنی پێویستە كە بەداخەوە ھەندێك دەیفرۆشنەوە بەم میللەتەو رەتیدەكەنەوە بێ ئەوەی شمولیان بكات."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group