وەزیری كۆچ و كۆچبەران: پێویستە سزای دادپەروەرانەی ئەوانە بدرێت كە ئێزدییەكانیان كوشت

06/07/2020

نەوا
ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق جەختدەكاتەوە لەوەی پێویستە سزای دادپەوەرانەی هەموو ئەو كەسانە بدرێت، كە بونەهۆی كوشتن و ئاوارەبونی ئێزدییەكان.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، ئیڤان فایەق جابرۆ بە یاوەری شاندێكی باڵای حكومی و پەرلەمانی سەردانی گوندی كۆجۆی لە باشوری قەزای شنگال كردوە بۆ بەسەركردنەوەی رزگاربوانی كوشتارگەی نێو گوندەكە، كە ساڵی 2014 لەسەردەستی داعش ئەنجامدرا، هەروەك چەند پێشنیارێكیشی تاووتوێكرد بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخان و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكە.


وەزیری كۆچ و كۆچبەران لە سەردانەكەیدا باسی لەوەكردوە، گوندی كۆجۆ لە دیارترین گوندە ئێزدییەكانە، كە روبەڕوی ئەوپەڕی توندوتیژی و چەندین جۆر تاوان بوەتەوە لەسەردەستی رێكخراوی داعش و بەهەمان شێوازی تاوانەكانی سپایكەر و بادوش و چەندین ناوچەی دیكەی وڵات سەرجەم دانیشتوانەكەی روبەڕوی لەناوبردن بونەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی تاریكپەرستەكان ژنانی گوندەكەیان كرد بە كۆیلە و منداڵانیان رفاند و ناردنیانە دەرەوەی سنور.
ئیڤان فایەق جابرۆ سەردانی ئەو پێشانگایەشی كرد، كە تێیدا وێنەی قوربانیانی گوندەكە نمایشكراون و تەئكیدیشیكردوەتەوە، پێویستە تەماشای مافی پێكهاتەی ئێزدی بكرێت و سزای دادپەروەردانە بەسەر سەرجەم ئەوانەدا بسەپێنرێت، كە بونەهۆی ئاوارەبونیان و كوشتن و وێرانكردنی ماڵەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group