جێگری پارێزگاری هەولێر: بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا 28 رۆژ قەدەغەكردنی هاتوچۆمان پێویستە

06/07/2020
هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر

نەوا
سەرباری چەندین رێكاری توندی خۆپارێزیی لە هەرێمی كوردستاندا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا ژمارەكان لە زیادبون و هەڵكشاندان و لە قۆناغی مەترسیی دەرنەچووە.
بەپێی دوایین ئامارەكان تائێستا، نزیكەی حەوت هەزار و 500 كەس لە هەرێمی كوردستان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی دەڵێن ئەمانە ژمارەی ئەوانەن، كە دۆزراونەتەوە، ئەگەرنا دەیان هەزار توشبو لە شارەكاندا هەن و نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان لێ دیارە.
سەرەتای هاتنی ڤایرۆسەكە بە رێكاری خۆپارێزی توند، بەرپرسانی تەندروستیی و ئەمنیی و ئیداری رووبەڕووی بوونەوە لە كەرەنتینەكردن و قەدەغەكردنی هاتوچۆی تەواو تا رێپێدانی مەرجدار و بڵاوكردنەوەی بەردەوامی رێنمایی تەندروستی، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانی رێ لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەكە بگرن تا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بەشێك لە بەرپرسانی تەندروستیی زەنگی مەترسی لێبدەن و بڵێن بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێین.
لەوبارەیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە "هەڵكشانی قۆناغی دووەم لە بەریەككەوتن و هاتوچۆی جەژنی رەمەزانەوە دەستیپێكرد، بەداخەوە ئەو هەڵكشانە لەوكاتەوە بەردەوامە و تائێستا هەروایە، بەداخەوە ئێستا لە هەولێر رۆژانە سەرووی 50 توشبو تۆمار دەكرێت كە هێز و توانای بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی لەڕووی پێداویستیی پزیشكی هەروەها لەڕووی كارمەندی پزیشكی لەو ئاستە نییە ئەو هەموو پشكنینە بكات، ئێمە پێشتر پشكنینی هەڕەمەكیمان دەكرد لەناو خەڵك، بەڵام ئێستا تەنها پشكنین بۆ ئەوانە دەتوانین بكەین كە نیشانەكانیان هەیە و خۆیان سەردانمان دەكەن، ئەم دۆخە وایكرد پێشتر سەرچاوەی ڤایرۆسەكە دیاربو، بەڵام ئەم بەریەككەوتنەی خەڵك وایكرد سەرچاوەكە ونبێت و لە بازاڕ و لەناو خەڵكدا بێت و لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە بگوازرێتەوە و بەو رادە زۆرە بڵاوبێتەوە".
هەروەك هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ خەڵك دەگەڕێنێتەوە و وتی "بەداخەوە بەشێك لە هاووڵاتیان وەك پێویست پابەندی خۆپارێزی نەبون، بابەتێكی روونە ئەو ڤایرۆسە لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە دەگوازرێتەوە چەند بەركەوتن هەبێت ئەوەندە زیاتر ڤایرۆسەكە بڵاودەبێتەوە بۆیە پابەندنەبونی بەشێك لە هاووڵاتیان هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەكەیە".
بە سیاسیكردنی دۆخەكەش بە هۆكارێكی دیكە دەزانێت و دەڵێت "بەداخەوە لە هەندێك لە شارەكانی دیكە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو ڤایرۆسە زۆر جێی مەترسی نییە، دەنگۆیەكی دیكە بڵاوكرایەوە كە بە هاتنی وەرزی گەرما نەمێنێت، بەداخەوە لە سۆشیال میدیا و بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئەمە مەرامێكی سیاسییە و بۆ نەدانی موچەیە، ئەمانە هەموی وایانكرد هاووڵاتیان ساردبنەوە لە خۆپارێزی و گوێ بە مەترسی ڤایرۆسەكە نەدەن".
سەرباری توندكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا كەم نین ئەو هاووڵاتیانەی پابەندنابن و سەرپێچی بڕیار و رێنماییەكان دەكەن، بۆیە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان لە پارێزگاكان بە سزادان مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەن.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و 260 دوكان و شوێنی بازرگانیی بە داخستن و پێبژاردنی دارایی سزا دراون.
لە میانی شەش رۆژی قەدەغەكردنی تەواوەتی هاتوچۆشدا لەناو شاری هەولێر، 50 شوێنی دیكە سزادراون و داخراون.
پزیشك و تیمە تەندروستییەكانیش پشكی شێری هۆكاری هەڵكشانی ژمارەكانی تووشبووان هەر دەخەنە ئەستۆی هاووڵاتیان، چونكە ئەوانیش دەڵێن؛ ئەگەر هاووڵاتی پابەندبێت و خۆی بپارێزێت ڤایرۆسەكە ناگوازرێتەوە و دەتوانین بنەبڕ بكرێت.
لەو روانگەیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر دەشڵێت "بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنانەی كردوومانە ئەگەر 28 رۆژ قەدەغەی تەواو و توندی هاتوچۆ رابگەیەنین و رێگا لە هەموو بەریەككەوتنێك بگرین سنورەكانی هەولێر بەتەواوی دابخەین و رێگانەدەین لە بازگەكانەوە بۆ ماوەی 28 رۆژ هیچ كەسێك بێتە ناو شاری هەولێر دەتوانین بەتەواوی سەركەوتووبین بەسەر ڤایرۆسەكەدا، بەڵام ئەمە بڕیارێكی قورسە و لەم بارە سەختە داراییەدا ناتوانین بڕیارێكی لەو جۆرە بدەین".
لەو چوارچێوەیەشدا شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر دەڵێت "شتێكی شاراوە نییە ئەم ڤایرۆسە لەڕێگای كۆئەندامی هەناسەدانەوە دەگوازرێتەوە، هەر نەخۆشییەكیش لەڕێگای كۆئەندامی هەناسەدانەوە بگوازرێتەوە رێگایەكی خێرایە بۆ بڵاوبونەوە، ئەگەر خۆمان نەپارێزین و رێنماییە تەندروستییەكان وەك خۆی جێبەجێ نەكەین، ژمارەی تووشبووان هەمیشە هەڵدەكشێت و بڵاودەبێتەوە".
شاخەوان خەیلانی دەربارەی زۆری ژمارەكان لە سلێمانی لە چاو شارەكانی دیكەش دەڵێت "لەبەرئەوەی سلێمانی دوو تا سێ هەفتە لەپێش هەولێر و شارەكانی دیكەوەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تیایدا، بۆیە لەوێ ژمارەكان زیاترن لە هەولێر یان شارێكی دیكە و ئەگەر خۆپارێزی تەواو نەكرێت شارەكانی دیكەیش دەگەنەوە بەو ژمارانە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر، كە سەرپەرشتی نەخۆشخانەیەك دەكات و ئێستا قەڵەوێرەكانی هەمووی پڕبوون لە توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جێگای نەماوە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیكە، ترسی خۆی لە زیاتر بوونی ژمارەكان نەشاردەوە و وتی "لە مانگی چوارەوە دەڵێم بەرەو قۆناغی مەترسیدار دەڕۆین، مەترسییەكە لەوەیە ئەگەر ژمارەكان لەوەی ئێستا زیاتربێت ئەوكات نە شوێن دەمێنێت نەخۆشی لێ بمێنێتەوە نە كەرەستە و پێداویستی پزیشكیی وەك پێویست بەش دەكات نە كارمەند و پزیشكانیش توانایان بەسەر ئەو ژمارە زۆرەی توشبووندا دەشكێت بۆیە باشترین رێگا بۆ رێگری لەو دۆخە تەنها خۆپاراستنی هاووڵاتیانە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group