وه‌زاره‌تی دارایی بڕیارێكی راگه‌یاند

06/07/2020

نه‌وا
 وەزیری دارایی و ئابووری رایگه‌یاند: بە ئه‌لکترۆنی کردنی خەرجییەکانی بەکاربردن بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵ دەکرێت. 
هەروەها وتی: ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی روتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاک کردنی کاروباری هاوڵاتییان. هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکومەت بکەین، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەین. وەزیری دارایی دەستخۆشیشی لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی ئەم سیستەمە کرد.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی وه‌زاره‌تی دارایی، ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکومەت تا کۆتایی مانگی تەموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکومەت کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش وا دەکات حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group