چوار ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق دروستدەكرێت

08/07/2020

نەوا
چوار ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە ناوچەكانی دیالە، كەركوك، مەخمور و موسڵ دروستدەكرێت.
هەفتەی رابردو شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی عیراق لە بەغدا كۆبونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێك كرد و بڕیاردراوە كۆبونەوەی داهاتوو لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
لەوبارەیەوە لیوا قارەمان كەمال جێگری سوپاسالاری هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی "تا ئێستا سێ كۆبونەوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عیراق كراوە و دوو تەوەر گفتوگۆیان لەسەركراوە".
لەبارەی تەوەری كۆبونەوەكانیش، لیوا قارەمان كەمال دەڵێت"تەوەری یەكەم باسی كردنەوەی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كراوە لە ناوچەكانی دیالە، كەركوك، مەخمور و موسڵ، تەوەری دووەمیش باسی دروستكردنی هێزی هاوبەش كراوە، كە ئەو هێزە لە كوێ بێت، ئەمانە هەموو گفتوگۆی لەسەركراوە و شاندی بەغدا گەشبین بون و كۆبونەوەیەكی ئەرێنیی بوو، بەڵام ئەنجامەكەی لە چەند هەفتەی داهاتودا دەبینین".
هەروەها جەختیكردەوە لەوەی باسی ئەوە نەكراوە هێزەكانی پێشمەرگە تا كوێ دەچن، ئەوەی لە راگەیاندنەكان باسكراوە گوایە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركوك راست نییە، چونكە جارێ لە گفتوگۆداین و بڕیارە كۆبونەوەی داهاتوش لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام كاتی كۆبوونەوەكە دیاریی نەكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group