وه‌زیری كاره‌با: هه‌وڵده‌ده‌ین رۆژانه‌ 17 كاتژمێر كاره‌با بده‌ینه‌ هاوڵاتیان

08/07/2020

نه‌وا
وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن رۆژانە 17 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بدەنە هاوڵاتیان.

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێم بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، لەم مانگەدا لە بەنداوی دوکان 275 مەتری موکەعەب لە چرکەیەکدا ئاو بەردەدرێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری زیادبوونی بەرهەمهینانی کارەبای بەنداوی دوکان لە 120 مێگاواتەوە بۆ 200 مێگاوات، لە دەربەندیخانیش بەرهەمێهێنانی کارەبا لە 70 مێگاوەتەوە بۆ 90 مێگاوات زیادبووە.

باسی لەوەشکردووە، جگە لە بەنداوەکان، چەند رێککەوتنێکی دیکەیان کردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە 150 مێگاوات لە خەبات زیادبووە و پێدەچێت هەفتەی داهاتووش 150 مێگاواتی دیکەش لە هەمان وێستگە زیادبکەن.

دەشڵێت، "رێککەوتنێکی دیکەیان کردووە بۆ دابینکردنی هەزار مێگاوات کارەبا لە ماوەی 30 مانگدا، هەروەها رێکەوتنی زیادکردنی 300 مێگاوات کارەبای بەرهەمهاتوویان کردووە لە پرۆژەکانی ئاودا لە سنوری سۆران و زاخۆ و ڕاپەڕین و گەرمیان، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە دەستنەکراوە بە جێبەجێکردنی، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێکەوتن کراوە بۆ بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبا لە گەرمیان کە لە رێگەی غازەوە بەرهەم دەهێنرێت".

بەوتەی وەزیری کارەبای هەرێم مانگی رابردوو، رۆژانە نزیکەی 16 کاتژمێر و 30 خولەک کارەبا بە تێکڕا دابەشکراوە و هەوڵیشدەدەن بۆ ئەم مانگە پێدانی کارەبا لە 17 کاتژمێر کەمتر نەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group