پەرلەمانتارێكی پێشوی توركمان: بەهەموو شێوەكان روبەڕوی ئاسایش و پێشمەرگە دەوەستینەوە

11/07/2020

نەوا
فەوزی ئەكرەم تەرزی سەركردەی توركمان لە كەركوك دەڵێت "رێككەوتنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ كەركوك جێی دڵەڕاوكێیە و بەهەموو شێوەكان روبەڕوی دەبینەوە".
فەوزی ئەكرەم لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، رێككەوتنی ناوەند و هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و پێشمەرگە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی دروستكردوە و هەستیاری لای توركمان و عەرەبەكان دروستكردوە.
رونیشیكردوەتەوە، هەر رێككەوتنێك بەبێ‌ ئامادەنەبونی توركمان و عەرەب رەتدەكەنەوە و پوچەڵە و بەهەموو شێوەیەك، كە دەستور ئاماژەی پێداوە، روبەڕوی دەبنەوە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی عیراق، دوای دەرچونی پێشمەرگە و ئاسایش، كەركوك ئارامبوەتەوە و سەقامگیرە و پرۆسەكانی رفاندن و تیرۆركردن نەماون، گەڕانەوەی ئەفسەرانی ئاسایش و پێشمەرگەش بە پێچەوانەی دەستور وەسفدەكات و دەڵێت "لە دەستوردا پێشمەرگە پاسەوانی هەرێمە و ناكرێت لە هیچ ناوچەیەكی دەرەوەی هەرێم بونیان هەبێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group