له‌باره‌ی موچه‌ی خانه‌نشینانه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

12/07/2020

نه‌وا
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زانیاری لەبارەی ڕێنوێنیی تازە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و پلە تایبەت ئاشکرا دەکات.
حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی به‌سایتی باس نیوزی راگه‌یاندووه‌، "بڕگەیەكی ڕێنوێنییه‌كی دارایی هەیە كە پشتی بەستووە بە یاسای چاكسازی تایبەتە بە چۆنیەتیی خانەنشینكردنی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی، هەڵەتێگەیشتن هەیە لەو ڕێنوێنییه‌، خەڵك وەكوو پێشووتر خانەشین دەكرێن و كەم نەكراوەتەوە".
وتیشی: "بۆ نموونە كەسێك 15 بۆ 25 ساڵ خزمەتی هەیە، 2%ی دەبێت و جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی مووچەی بنەڕەتی دەكرێت، بۆیە ئەوەی لەنێو خەڵك بڵاو بووه‌ته‌وه‌ گوایە فەرمانبەر بە 15%ی كۆی مووچە خانەنشین دەكرێ، ئەوە هەڵەتێگەیشتنە، خانەشینی هەر وەكوو خۆیەتی تەنیا پلە تایبەت كەم كراوەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "پێشووتر پلە تایبەت و باڵاكان بە 80%ی كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەبوون، بەڵام ئێستا 50%ی مووچە تێپەڕ ناكات، ئەندام پەرلەمانێك كە خزمەتی تەواوی نەبێت بۆ خانەنشینبوون، 25%ی مووچەكەی بۆ خانەنشینبوون پێ دەدرێت، دادوەر و داواكاری گشتی نابێت خانەنشینبوونیان لە 70%ی مووچە و دەرماڵەكانیان تێپەڕ بكات".
ئاماژەی بەوەش دا: "هەبوونی بڕوانامەش لە پاڵ خزمەت كاریگەری هەیە لەسەر مووچەی خانەنشینی، كەسێك بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت لەگەڵ كەسێك بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت جیاوازی هەیە، ئەوەی ئامادەییەكە لە كۆی مووچە و دەرماڵەكانی سێ بەرامبەر كەمتر ئەژماری بۆ دەكرێ لە مووچە خانەنشینی".
حازم ئیسماعیل جەختی له‌وه‌ش کردەوە، مەرجی خانەنشینبوون ئەوەیە فەرمانبەر 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی به‌ كرداری هەبێت، ڕێنوێنییه‌كه‌ هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 244 هەزار خانەنشین هەیە، مانگانە لە سەرووی 110 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکرێ، بەپێی یاسای چاكسازیش پێداچوونەوە بە خانەنشینانی نایاسایی دەكرێتەوە.
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group