حكومەتی عیراق: لە گفتوگۆی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیادا بەردەوام دەبین

13/07/2020 عێراق

نەوا
حكومەتی عیراق تەئكیددەكاتەوە، لەگەڵ توركیا لە گفتوگۆی ستراتیژی بەردەوام دەبن تا پێشێلكاریەكانی بۆسەر خاكی عیراق رادەگرێت.
بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانیدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێك كراوە یەكێك لەوانەش پێشێلكارییەكانی توركیا بوە بۆسەر خاكی عیراق.
لەكۆبونەوەكەدا ئەنجومەنەكە تەئكیدیكردوەتەوە لە بەردەوامی گفتوگۆی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەكانی بۆسەر سەروەریی خاكی عیراق و خراپ مامەڵەكردن لە چوارچێوەی پەیوەندیە هاوڕێیەتییەكانی نێوان هەردوو وڵات، سەرەڕای زیانگەیاندن بە گیان و موڵك و ماڵی هاووڵاتیان.
وەزارەتی بەرگریی توركیا لە 17ی مانگی حوزەیرانەوە بەبیانوی شەڕی دژبە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" دەستپێكردنی پرۆسەیەكی سەربازی بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group