تەندروستیی سلێمانی بە دانانی پرسە بۆ شێخ محەمەد كەسنەزانی رازی نەبووە

14/07/2020

نەوا
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، بە دانانی پرسە بۆ شێخ محەمەد كەسنەزانی رازی نەبوون، دەشڵێت  ئاسایش و لایەنە ئەمنییەكان نەیانتوانی رێگری لە هاتنی دەروێشەكان بكەن، لایەنە تەندروستییەكان چۆن بتوانن ئیجرائاتیان لەگەڵدا بكەن.
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە لێدوانێكیدا بۆ بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا رایگەیاندووە، 80% بۆ 85% ئەو خەڵكانەی كە لە سلێمانی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەشێوەیەكی هێواش نەخۆشیەكەیان گرتووە، یاخود لە بنەڕەتەدا هەر نیشانەشیان نەبووە.
دوپاتیشیدەكاتەوە، رەوشی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا نەگەیشتە ئەو كارەساتەی كە باسدەكرا، دەڵێت "لەكارەسات گەڕاینەوە بەرەو سەقامگیری دەڕۆین".
دەربارەی بەڕێوەچوونی مەراسیم و پرسەی شێخ محەمەد كەسنەزانی لەسلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دەڵێت، خۆی لەخۆیدا قەرەباڵغیەكە مەترسیدارە بۆ سەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەر 10-15 كەسی توشبوی تێدابێت، لەوانەیە دەروێشەكانی هەرێمی كوردستان، كە سەردانی ئەو شوێنەیان كردووە، توشی ڤایرۆسەكە ببن.
هێرش سەید سەلیم راشگەیاندوە، ئەوان وەك لایەنی تەندروستیی شارەكە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرسە و مەراسیمەكە نەبوون، لەو روەوە دەڵێت "ئێمە ڕێگەمان نەداوە و بەهیچ شێوەیەك ڕازی نەبووین، زووش بە بنەماڵەكەمان راگەیاندبوو كە حەزەر بكەن لە مەسەلەی كۆبوونەوە و كۆكردنەوەی خەڵك، بەڵام ئەوان خۆیان وتیان ئێمەش دەسەڵاتمان نییە، لەبەر ئەوەی ئەم بابەتی دینی و عەقیدییانەی ئەوان باوەڕیان پێیەتی، وایكردووە هەتا لایەنی ئەمنی و ئاسایشیش نەیتوانی كۆنتڕۆڵی بكات، چ جای ئێمە وەكو تەندروستی بتوانیین ڕێوشوێن لەگەڵ ئەوە بكەین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group