چیرۆكی گیانلەدەستدانی ئافرەتەكەی كەركوك لە زاری هاوسەرەكەیەوە بڵاودەكرێتەوە

15/07/2020 نەوا

مامۆستا محەمەد كەریم مامۆستای قوتابخانەیە لە ناحیەی سەرگەڕان سەربە قەزای دوبز لە پارێزگای كەركوك و مونا ئیسماعیلی هاوسەری یاریدەدەری بەڕێوەبەر بو لە كۆمپانیای غازی باكور و خاوەنی دوو منداڵن. 
بڵاوبونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی كەلەپچەكردنی مامۆستا محەمەد و چیرۆكی گیانلەدەستدانی هاوسەرەكەی، هەموولایەكی هەژاندوە، بەهۆی دۆخی تەندروستی ناوبراو و كەرەنتینكردنی، بە رێگەی تەلەفۆن چیرۆكەكەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ گێڕاوەتەوە.
مامۆستا محەمەد دەڵێت "پێنجی ئەم مانگە من و مونا ئیسماعیلی خێزانم پاش ئەوەی نیشانەكانی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنامان تیادا دەركەوت، چووینە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك و لەوێدا پشكنینمان بۆ كرا و پێیانگوتین هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆناین. بۆیە داخڵی نەخۆشخانە كراین، شوێنیكی ترسناك بوو هەر لە گۆڕستان دەچوو".

دەشڵێت "لەپاش تێكچوونی دۆخی تەندروستی خێزانم پزیشكەكان ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان بۆ دانا، كە یەك بوتڵی ئۆكسجین تەنها بۆ 40 خولەك تەواو دەبو، بۆیە گەورەترین كێشە و ناڕەحەتی دەستكەوتنی بوتڵی ئۆكسجینە لە نەخۆشخانەكەدا، لە دوای پێنج رۆژ مانەوەمان لە نەخۆشخانە، شەوی یەكشەممە دۆخی تەندروستی خێزانم تێكچو، هەربۆیە هەوڵمدا ئۆكسجینی بۆ پەیدابكەم كە ئەویش بەپارەیە و بۆ هەر بوتڵێك بڕی 10 هەزار دیناریان لێ وەرگرتین و لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەی دەرمانە گرانەكان لەناو نەخۆشخانە نەبو، دەبو لە دەرەوەی نەخۆشخانە بيكڕین، خۆشم یەك دەرمانم بۆ خێزانم لە دەرەوەی نەخۆشخانە بە دوو هەزار و 900 دۆلار كڕی".
مامۆستا محەمەد درێژە بە قسەكانی دەدات و وتویەتی "لە رۆژی یەكشەممەوە قەیرانی كەمی ئۆكسجین دروستبو، دۆخی تەندروستی خێزانیشم زۆر تێكچو، بۆیە  زۆر بەزەحمەت سێ بوتڵی ئۆكسجینم لە كۆگای نەخۆشخانەكەوە بەسەرشانی خۆم هەڵگرت و هێنام بۆ خێزانم، بەڵام یەكێك لە كارمەندانی نەخۆشخانەكە بوتڵە ئۆكسجینەكەی لێوەرگرتم و بردی، ئەویش وایكرد دۆخی دەرونیم زۆر تێكبچێت و ئاگام لەخۆم نەمێنێ و شاشەی یەكێك لە ئامێرەكانی هەناسەدانم شكاند، ئەمەش وەك فشارێك بوو بۆئەوەی فریام بكەون".


ناوبراو باس لە دوای ئەو روداوە دەكات و دەڵێت "هەرچەندە ئەو ئامێرەی من شكاندم بەكارنەدەهات و كۆن ببوو، بەڵام پۆلیس هاتن و منیان بردە بنكەی پۆلیسی قۆریە، لەوێش تەنها هاوارم دەكرد و دەگریام و داوام دەكرد بمبەنەوە لای خێزانم و ئەو پێویستی بە منە. دوای پێنج كاتژمێر پۆلیس منیان گەڕاندەوە بۆ نەخۆشخانە و پاش گەیشتنم بە نەخۆشخانە لەهۆش خۆم چووم و ئاگام لەخۆم نەما ئەو پۆلیسەشی منی هێنایەوە زۆر ئازاری دام بۆئەوەی بەخەبەرم بهێنێتەوە".
وتیشی "دواتر پۆلیس منی هێنایەوە بۆ ئەو ژوورەی خێزانم تیایدا خەوێنرابو و بەقەرەوێڵەی ئەودا كەلەپچەیانكردم".
مامۆستا محەمەد باس لە دۆخی تەندروستی خیزانەكەی لەو كاتەدا دەكات و دەڵێت "دۆخی تەندروستی خێزانەكەم سات بەسات خراپتر دەبو، منیش كەلەپچەكرابوم و هیچم پێ نەدەكرا، تا دەمەوە بەیانی رۆژی دواتر بە كەلەپچەكراوی مامەوە و لەو كاتەیشدا خێزانەكەم هاواری بۆ دەكردم و دەگریا و دەیوت فریامكەوە، منیش هیچم پێ نەدەكرا تەنها گریان و هاوارم دەكرد".
مامۆستا محەمەد لە درێژەی قسەكانیدا ساتێكی پڕ ئازار دەگێڕێتەوە و وتویەتی "دەمەو بەیانی بوو بینیم خێزانم وا دەخنكێت، لەبەرچاوی من گیانی سپارد و منیش سەیرم دەكرد".
هەروەها كاردانەوەكانی روداوی كەلەپچەكردنی مامۆستا محەمەد توشبویەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەكی كەركوك، كە بە بەرچاویەوە هاوسەرەكەیشی گیانیلەدەستدا، بەردەوامە. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستییش دەڵێت "لێكۆڵینەوەمان لە روداوەكە دەستپێكردوە".
لەبارەی ئەو روداوە، زیاد جبوری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی "لێكۆڵینەوەمان لەو روداوە دەستپێكردوە و خودی خۆم سەرپەرشتی دەكەم، ئەگەر دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت هەركەس كەمتەرخەم بوبێت، ئەوا روبەڕوی یاسای دەكەینەوە".
لەئێستادا لەلایەن كۆمەڵێك لە هاوپیشە و خەڵكی شارەكە هەڵمەتێك لە واتسئاپ دەستیپێكردوە و تیایدا گرتەی ڤیدیۆیی بەستنەوەی مامۆستا محەمەد بە قەرەوێڵەی هاوسەرە كۆچكردوەكەیەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك دەنێردرێت و داوای دەستلەكاركێشانەوەی لێ دەكەن.
سەبارەت بەو بابەتەش، زیاد جبوری نەیشاردوەتەوە، كە لە دۆخێكی قورسدایە و دەڵێت "نامەوێت لە بەرپرسیارێتی رابكەم ئەگەرنا بەپێی یاسا با كەسێكی تر لەجێی من دابنێن و رازیم، بەڵام بۆ ئەم دۆخەی ئێستا دەستلەكارناكێشمەوە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group