چیای ئێڤرێست دوبارە بە رووی شاخەوانییدا كرایەوە

31/07/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
لە دوای چوار مانگ لە راگرتنی ئەنجامدانی گەشت بۆ لوتكەكانی چیای ئێڤرێست و هیمالایا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە نیپاڵ، ئەمڕۆ دووبارە مۆڵەت بە ئەنجامدانی گەشتەكان درایەوە.
لەوبارەیەوە پراساد بهاتاری وتەبێژی وەزارەتی گەشتوگوزاری نیپاڵ رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی لە 21ی تەمموز، دوبارە دەرگای رێستۆرانت و هۆتێلەكان كراونەتەوە.
راشیگەیاند، دوبارە دەستكراوە بە پێدانی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی گەشت بۆ سەر لووتكەكانی ئێڤرێست و هیمالایا، جەختیشی لەوە كردەوە رێستۆرانت و هۆتێلەكان پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بن.
هەروەها وتویەتی "وەرزی داهاتووی سەركەوتن بەسەر چیا دەكەوێتە پاییز. بۆ ئەمەش زیاتر لە مانگێك ماوە. لە 17ی ئاب بەدواوە گەشتە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامدەدەین. هێشتا كاتمان لەبەردەستدا ماوە".
لە 13ی ئاداری ئەمساڵ گشت گەشتەكان بۆ سەر لوتكەی چیاكانی ئەو وڵاتە هەڵپەسێردابوون.
لە نیپاڵ تا ئەمڕۆ 19 هەزار و 547 حاڵەتی توشبون و 52 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group