نیەتی تەعریب بوەتە نیەتی دەوڵەت و دامەزراوەكانی عیراق؟

05/08/2020

نەوا
سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزار  لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، پەلەمانتارێكی كوردیش گومانی لە نیازی حكومەتی عیراق هەیە بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری هاووڵاتیانی كورد لەو ناوچانە.
سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق لیژنەیەكی پێكهێناوە، كار لەسەر ئەوە دەكات، كە بەپێی بەڵگە و تاپۆ، موڵكیەتی ئەو زەوییانە بە خاوەن ماف بداتەوە كە تەعریب كراون، یان ناكۆكییان لەسەرە.
ئەمەلەكاتێكدا لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیشدا لیژنەیەك دروستكرابوو بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان و چەند راسپاردەیەكیان بۆ حكومەتی ئەوكاتی عیراق هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام جەمال شكور پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، كە لەو لیژنەیەی پێشوودا ئەندام بووە، رەخنەی ئەوە لە حكومەتی عیراق دەگرێت، كە پابەندی ئەو راسپاردانە نەبووە.
ئەو پەرلەمانتارە لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا رایگەیاند، لیژنەكەی پێشوو نوێنەری تەواوی پێكهاتەكانی كەركوكی تێدابوو، بە راكان جبوریشەوە، بە رەزامەندیی تەواوی پێكهاتەكان كۆمەڵێك راسپاردە بۆ چارەسەری كێشەكانی زەویوزار درایە كابینەكەی عەبدولمەهدی، بەڵام كاریان لەسەر نەكرد.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی نیەتی تەعریب بوبێتە نیەتی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەكانی ئێستای عیراق، جەمال شكور رایگەیاند، بەگومانە لەوەی حكومەتەكانی عیراق نەفەسی ئەوەیان هەبووبێت كێشەی تەعریب و زەویوزاری كوردەكان چارەسەر بكەن و لە پەرلەمانی عیراقیش كاتێك پرسەكە دێتە سەر مافی كورد، هەموویان دژی كورد دەبن و دەنگیان دەخەنە پاڵ یەكتر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group