ڤاكسینە چاوەڕوانكراوەكەی كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریكی نرخی چەند دەبێت؟

06/08/2020 جیهان

نەوا
كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریكی نرخی ڤاكسینە چاوەڕوانكراوەكەی كۆرۆنای دیاریكرد، لەكاتێكدا هێشتا قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینەكەی تەواونەكردووە.
لەو بارەیەوە ستیڤان بانسڵ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای مۆدێرنا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "لەوە تێدەگەین كە پێویستە بەرپرسیارانە نرخێك بۆ ڤاكسینەكە دابنێین لە كاتێكدا ئەم ڤایرۆسە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە".
ئەو بەرپرسەی كۆمپانیا ئەمریكییەكە نرخی ڤاكسینە چاوەڕوانكراوەكەی راگەیاند، دەڵێت، بە 32 تاوەكو 37 دۆلار دەیفرۆشن، تائێستاش كڕیاران بایی 400 ملیۆن دۆلار داوای ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان كردووە، كە هێشتا لە بواری تاقیكردنەوەدایە.
بەرپرسەی مۆدێرنا دوپاتیشیكردووەتەوە، لەگەڵ حكومەتی وڵاتان كاردەكەن بۆ دڵنیابوون لە بەدەستگەیشتنی ڤاكسینەكە، بێ گوێدانە توانای پارەدان، بەو پێیەی جیهان لە بەردەم بڵاوبونەوەی پەتایەكدایە كە پێناچێت كۆتایی بێت و پێویست بەوە دەكات لە ساڵانی داهاتوودا تەواوی دانیشتوانی جیهان ڤاكسینیان بۆ بەكاربهێنرێت.
بڕیارە كۆمپانیای مۆدێرنا قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تەواو بكات و پێش كۆتایی ئەمساڵ ڤاكسینەكە بەردەست بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group