سەرۆك كۆماری لوبنان داوای مانەوە لە حەسان دیاب دەكات

11/08/2020 جیهان

نەوا
ئەنتوان شوقەیر بەڕێوەبەری گشتیی لە سەرۆكایەتی كۆماری لوبنان رایگەیاند، میشێل عەون سەرۆك كۆمار، داوای لە حەسان دیاب و وەزیرەكانی كابینە دەستلەكاركێشاوەكە كردوە تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە ئەركەكانیاندا بمێننەوە.
حەسان دیاب لە دوای تەقینەوەكەی هەفتەی رابردوی بەندەری بەیروت و دوای ناڕەزایەتییەكانی خەڵك، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی سەرۆك كۆمار كرد.
بەڕێوەبەری گشتیی لە سەرۆكایەتی كۆماری لوبنان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، میشێل عەون لە بەرانبەر كارەكانیان سوپاسی حەسان دیاب و ئەندامانی كابینەكەی كردووە.
ئاشكراشیكرد، سەرۆك كۆماری لوبنان داوای لە سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان كردووە تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە ئەركەكانیاندا بمێننەوە.
پێشتر دیاب لە ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنانەوە بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، كارەساتەكەی بەندەری بەیروت لە ئەنجامی ئەو گەندەڵییە رویداوە، كە رەگوڕیشەی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا داكوتیوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group