"هەر نەخۆشێک بەناچاری بنێردرێتە نەخۆشخانەی تایبەت، چارەسەرەکەی بەخۆڕایی دەبێت"

11/08/2020

نه‌وا
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، هەر نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی گشتییەوە بەناچاری بنێردرێتە نەخۆشخانەی تایبەت، چارەسەرەکەی بەخۆڕایی دەبێت.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە ژمارەی قەرەوێڵەکان لە نەخۆشخانە گشتییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا زیادبکرێن، بۆئەوەی زۆرترین تووشبوو لە نەخۆشخانە گشتییەکان چارەسەر وەربگرن.
 سەبارەت بە هاوئاهەنگی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی تەندروستی بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا، سامان بەرزنجی دەڵێت "دۆخەکە وایە کە پێویستمان بە هاوکاریی کەرتی تایبەتە".
 پێشتر وەزارەتی تەندروستی نرخی شەوێک مانەوەی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دیاریکرد، کە تەنیا قەرەوێڵەیەک بەبێ ئۆکسجین 500 هەزار دینارە و تاوەکو ژووری چاودێریی چڕ پارەکە دەگاتە سەرووی ملیۆنێک و 700 هەزار دینار، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لەوبارەیەوە وەزیری تەندروستی دەڵێت "پێشتر ئەو نرخانە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆر زیاتر بوون و رێکخراونەتەوە".
 هەروەها وەزیری تەندروستی رێککەوتنێکی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتی راگەیاند، کە ئەوەیە "هەر نەخۆشێک لەلایەن تیمە پزیشکییەکانی نەخۆشخانە گشتییەکانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بکرێت، ئەوا هەموو تێچوویەکی بەخۆڕایی دەبێت تاوەکو چارەسەرکردنی و زۆربەی نەخۆشخانەکان رەزامەندییان داوە".
 سەبارەت بەو کەسانەشی کە بەخواستی خۆیان دەچنە نەخۆشخانە تایبەتەکان، رایگەیاند، "جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە نرخەکاندا کراوە و هەوڵدەدەین کەمتریشی بکەینەوە، بەشێوەیەک کە هەموو نەخۆشخانەکان بیر لە بەرژەوەندیی نەخۆش بکەنەوە لەم قۆناخەدا نەک قازانجی خۆیان". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group