په‌یمانگایه‌كى به‌ناوبانگی ئه‌مریكى راپۆرتێكی توند له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ ده‌كات

12/08/2020

نه‌وا
په‌یمانگاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، كه‌ په‌یمانگایه‌كى ئه‌مریكییه‌ پێیوایه‌ ته‌ركیزى سه‌ره‌كى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا بۆ پاراستنى سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان زیانى له‌ ناوچه‌كه‌ داوه‌ و هاوكار بووه‌ بۆ قۆرخكاریه‌كانى یه‌كێتى و پارتى، بۆیه‌ پێویسته‌ واشنتۆن به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بچێته‌وه‌.
په‌یمانگاكه‌ له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ى ركابه‌ریى چه‌كدارى نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ پشتگیرى ئه‌مریكا بوه‌ته‌هۆى ناسه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌نجامى چه‌ندین ساڵ وه‌به‌رهێنانى ئه‌مریكایه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانى عیراق وه‌ك هاوپه‌یمانێكى ستراتیژى.
رونیشكراوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ى گفتوگۆى ستراتیژى له‌گه‌ڵ عیراق به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌ سیاسه‌ته‌كانیدا به‌رانبه‌ر هه‌رێمى كوردستان بچێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ئاسانكردنى چاكسازى دیموكراسیانه‌ و دامه‌زراوه‌یى ده‌بێت.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌ "سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى شه‌راكه‌تى هه‌ردوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌ كوردیه‌كه‌ بوه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌قامگیریه‌ سیاسییه‌ پاشه‌كشه‌ى كردوه‌ و هه‌رێم گرژى سیاسیى درێژ و به‌رده‌وامى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، دواى ده‌ركه‌وتنى حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و خۆپیشاندانه‌ تونده‌كان، هاوپه‌یمانیى حكومیی روخا و هه‌ڵبژاردن ساخته‌كرا و ئابورى روخا و ئۆپۆزسیۆن به‌ توندى سه‌ركوتكرا".


په‌یمانگاكه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ته‌ركیزى سه‌ره‌كى ئه‌مریكا له‌سه‌ر دابینكردنى لایه‌نى دارایى بۆ كه‌رتى ئاسایش له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌نها به‌ تواناكردنى میلیشیا حزبیه‌كان نه‌بوه‌، به‌ڵكو پێودانگه‌ دیموكراسییه‌كانیشى لاواز كردوه‌ و بوه‌ته‌هۆى ناهاوسه‌نگى و ناجێگیرى هێزى حزبیى، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك.
په‌یمانگاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه‌، به‌ وریاییه‌وه‌ سه‌یرى كاریگه‌ریه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانى به‌رده‌وامیى پڕچه‌ككردنى هێزه‌ كوردیه‌كان و راهێنانیان و دابینكردنى پاره‌ بۆیان نه‌كراوه‌، له‌ئێستادا یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ركات زیاتر چه‌كیان هه‌یه‌، به‌ڵام پابه‌ندنه‌بون به‌ به‌رنامه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاكسازیكردن له‌ كه‌رتى ئاسایش و هیچ ئیراده‌یه‌ك بۆ ئه‌و كاره‌ پیشان نه‌دراوه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێشێلكاریه‌كانیشیان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌.
به‌پێى هه‌مان راپۆرت، گروپه‌ نیمچه‌ چه‌كداریه‌ ناوخۆییه‌كان، كه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ناسراون و هى هه‌ردوو حزبن، به‌شێوه‌یه‌كى رۆتینى بۆ سه‌ركوتكردنى ده‌نگه‌ ره‌خنه‌گره‌كان و جوڵانه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌و هێزانه‌ بوونه‌ته‌ ئالیه‌تێكى چالاك له‌ هه‌وڵه‌كانى یه‌كێتى و پارتى بۆ پاراستنى سیستمى گشتى له‌ناوچه‌كه‌دا.


رونیشكراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا داوا له‌ حكومه‌تى عیراق ده‌كات توندوتیژیه‌كان دژى خۆپیشانده‌ران بوه‌ستێنێت، پێویسته‌ به‌ ئاشكرا دان به‌وه‌شدا بنێت، كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان توندوتیژى دژى خۆپیشانده‌ران به‌كارده‌هێنێت و داواى لێبكات ئه‌و سه‌ركوتكردنه‌ دژى خۆپیشانده‌ران و ئۆپۆزسیۆنه‌ ئاشتیخوازه‌كان بوه‌ستێنێت، كه‌ به‌شێكیان له‌لایه‌ن هه‌واڵگریى كوردى و ئاسایشه‌وه‌ تا كاتێكى نادیار ده‌ستگیركراون.
په‌یمانگاكه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، له‌سه‌ر ئه‌مریكا پێویسته‌ وه‌ك به‌شێك له‌ گفتوگۆى ستراتیژى له‌گه‌ڵ عیراق مه‌رج بۆ پشتگیریكردنى هێزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دابنێت، رۆڵى گرنگ كه‌ هێزه‌كانى سه‌ربه‌ یه‌كێتى و پارتى هه‌یانه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى رێكخراوى داعش و گروپه‌ چه‌كداریه‌كان ئه‌و راستیه‌ ناگۆڕێت، كه‌ میلیشیا كوردیه‌ حزبیه‌كان له‌ یه‌ك هێزى یه‌كگرتوودا یه‌كنه‌خراون.
دان به‌وه‌شدا نراوه‌، هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدارا له‌ناوچه‌ى زینى وه‌رتێ، كه‌ له‌ ساڵى 1998 و دواى كۆتایى هاتنى شه‌ڕى ناوخۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان بوه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كى دابڕێنراو، به‌یه‌كیاندادا و ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ى پشتگیرى بێمه‌رجى ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌هۆى پێكدادانێكى ترى سه‌ربازى نێوان هه‌ردوو حزبه‌كه‌.
به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ ته‌ئكیدى كردوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چیتر رێكخراوى داعش هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ له‌سه‌ر بونى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌رده‌وامن له‌ راهێنان و پشتگیرى هێزه‌ كوردیه‌كان، ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌هۆى زیادبونى ركابه‌ریى نێوانیان و پابه‌ندبونیان به‌ پێكهێنانى لیوایه‌كى هاوبه‌شى وه‌ك به‌شێك له‌ چاكسازى كه‌رتى ئه‌منى هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى كشانه‌وه‌ى هێزه‌ كوردیه‌كان له‌ كه‌ركوك له‌دواى پرۆسه‌ى ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى له‌ساڵى 2017 په‌یوه‌ندیه‌كانیان تێكچو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group