شاره‌وانی سلێمانی له‌باره‌ی سنه‌وبه‌ره‌كانی تاسڵوجه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

19/09/2020

نه‌وا
لەبارەی دەنگۆی "سوتاندنی دارسنەوبەرەكان بۆ مەرامی تایبەتی و بازرگانی" سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی جەختدەكاتەوە، بە هیچ جۆرێك هیچ مەرامێك لە پشتی ڕوداوەكە بوونی نیە و ئاگرەكە حاڵەتێكی ئاسایی بووە وەك هەر ڕوداوێكی دیكە.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی  لەرونكردنەوەیەكدا بڵاویكردۆتەوە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا دەنگۆیەك بڵاوبوەتەوە، كە گوایە چەند كەسێك بۆ مەرامی تایبەتی و بازرگانی ئەو سنەوبەرانە دەسوتێنێت، بۆیە بەپێویستی دەزانن رونكردنەوە لەوبارەیەوە بدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، پانی شەقامی گشتی (ڕاپەڕین _ تاسلوجە) لەو بەشەی ئاگرەكە كەوتۆتەوە 150 مەترە واتە درێژیەكەی 75 مەتر لە ناوەڕاستی شەقامەكەوە بۆ لای ڕاست و چەپە، كۆی گشتی سنەوبەرەكان وەك شریتێكی سەوزایی دەكەوێتە ناو شەقامەكەوە و شەقامێكی خزمەتگوزاری دیكە بە پانی 20 مەتر بە تەنیشت سنەوبەرەكان تێپەڕدەبێت.
لە رونكردنەوەكەی شارەوانی سلێمانیدا هاتووە، بەپێی بەدواداچونەكان و پاش دڵنیابون دەركەوت كاتژمێر 7:30 خولەكی سەرلەبەیانی رۆژی 7-6-2020 ئاگر لەناو سنەوبەرەكان كەوتوەتەوە و ڕێژەیەكی زۆری دارەكانی سوتاون، بە هیچ جۆرێكیش هیچ مەرامێك لە پشتی ڕوداوەكە بونی نیە و ئاگرەكە حاڵەتێكی ئاسایی بوە وەك هەر ڕوداوێكی دیكە
رونیشكراوەتەوە، ئەو زەویانەی دەكەونە سەر ڕێگای سەرەكی (ڕاپەڕین _ تاسڵوجە) لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە نەخشەی سێكتەری بۆ كراوە و بەپێی پێویستی سنورەكە مۆڵەتی ئاسایی بۆ كاری بازرگانی یان وەبەرهێنان دەدرێت و بە ئاشكرا دەبێت و گشت لایەنە پەیوەندی دارەكان ئاگادار دەبن، هەر كەس و لایەنێكیش دەیانەوێت بە دار و درەخت سنورەكە سەوز بكەن، وەك سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە هەمو جۆرێك پێشوازی لێدەكەن و ئامادەی هەمو جۆرە هاوكاریەكن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group