داواده‌كرێت قه‌ده‌غه‌ی هاورده‌ و هه‌نارده‌كردنی زێڕ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌ڵبگیرێت

20/09/2020

نه‌وا
وتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی كوردستان  رایدەگەیەنێت، بڕیاری قەدەغەكردنی ھاوردە و ھەناردەكردنی زێڕ لە فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانەوە، زیانی زۆری بە خەڵك و بازرگانان گەیاندووە، چونكە زێڕ زۆر بەزەحمەت دەگات بە بەغدا بە ھۆی خراپیی دۆخی ئەمنی لە رێگاكان.
هەندرێن وەرتی وتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی كوردستان  به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگه‌یاندووه‌، بە ھۆی بڕیاری حكوومەتی عێراق بۆ قەدەغەكردنی ناردن و ھاوردەكردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانەوە، زیانی زۆر بە خەڵك گەیشتووە، چونكە ھاووڵاتی لە فرۆشتنەوەی زێڕ یەك مسقاڵی 18ھەزار زیانی بەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی بە زەحمەت دەگات بە بەغدا و زۆر بەربەرست ھەیە كە ئەمنیەت نییە و حەشدی شەعبی لە رێگە ھەیە و داعشیش ھەیە، بۆیە ھەر كیلۆیەك زێڕ خەرجییەكەی تا دەگاتە بەغدا، دوو هەزار و500 دۆلار رادەوەستێت و بەغداش بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە دەكەن و زۆر جار شەو و رۆژێك دەمێنێتەوە و وەكو ھەولێر نییە راستەوخۆ رەوانە بكرێت، بۆیە ئەمە وای كردووە زیان بەر خەڵك و بازرگانان بكەوێت.
وەرتی وتیشی، كە دۆخی ئابووری باش بووە، ساڵانە 113تۆن زێڕ ھاوردە كراوە و 70% بۆ عێراق رۆیشتووە و بە ھەمان شێوە لە ھەرێمیش زێڕ ھەناردەی دەرەوە كراوە.
راشیگه‌یاند، "بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق ھۆكارەكەی دیار نییە و، پارێزگاریش بە نووسراوی فەرمی داوای كردووە ئەو بڕیارە ھەڵوەشێننەوە، داواشمان لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان كردووە، بۆیە ھەوڵەكان بەردەوامن، چونكە فڕۆكەخانەی ھەولێر یەكێكە لە فڕۆكەخانە ھەرە باشەكانی ھەموو عێراق لە ڕووی یاسا و جێبەجێكردنی رێنماییەكان و زۆریش چالاكتر بووە، بۆیە ھیچ بیانوویەك نییە ئەو بڕیارە بۆ ھەولێر دراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group