فەیسبوك ژمارەیەك هەژماری سەربە چین دادەخات

23/09/2020 جیهان

نەوا
تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك، داخستنی ژمارەیەك هەژماری نەناسراوی سەربە چین-ی راگەیاند، كە كۆمەڵێك بابەتیان بۆ كاریگەریكردنەسەر سیاسەتی ئەمریكا و فیلیپین بڵاوكردوەتەوە.
فەیسبووك لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە ئەوە یەكەمجارە بەهۆی دەستوەردان لە سیاسەتی ئەمریكا، ژمارەیەك هەژماری سەربە چین دابخرێن.
لەوبارەیەشەوە ناتانیەل گلایشەر بەرپرسی كاروباری ئاسایشی ئەلیكترۆنی لە كۆمپانیای فەیسبووك، رایگەیاند "بەهۆی پێشێلكردنی سیاسەتە ئەمنییەكانمانەوە ژمارەیەك هەژماری ساختەی سەربە چین-مان داخستووە".
ناتانیەل گلایشەر ئەوەشی ئاشكرا كرد، بەشێكی ئەو هەژمارانە كە بەنیازی دەستوەردان لە سیاسەتی ئاسیا و ئەمریكا بابەتییان بڵاوكردوەتەوە لە وڵاتی فلیپین فۆڵۆوەری زۆریان هەیە. ئەم هەژمارانە لە بڵاوكراوەكانیاندا پشتیوانی سەرۆكی فلیپین، رۆدریگۆ دوتەرتە دەكەن.
ناوبراو لەبارەی هەژمارەكانی ئەمریكاوە ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەو هەژمارانە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی سێی تشرینی دووەم بۆ پشتیوانیكردن لە پارتی كۆمار و بۆ پشتیوانیكردن لە پارتی دیموكرات بابەتیان بڵاوكردووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group