لەسەر هێرشەكەی فەرەنسا پێنج گومانلێكراو دەستگیركران

26/09/2020 جیهان

نەوا
دوای ئەنجامدانی هێرشێك لە نزیك بارەگای پێشوی رۆژنامەی "چارلی ئیبدۆ" لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، كە بوەهۆی برینداربونی دوو كەس، پێنج تۆمەتبار دەستگیركران.
سەرچاوەكانی هەواڵی فەرەنسا بڵاویانكردوەتەوە، هێرشەكە لە رێگەی چەقۆیەكی گەورەوە لە نزیك بارەگای پێشوی رۆژنامەی "چارلی ئیبدۆ" ئەنجامدراوە و گومانلێكراوی سەرەكییش دەستگیركراوە، كە تەمەنی 18 ساڵە.


رونیشكراوەتەوە، ئەو كەسە لای دەزگا ئەمنیەكان ناسراوە و لە پاكستان لەدایكبوە، هەروەها كەسێكی دیكەش لەسەر هەمان روداو دەستگیركراوە، كە بە رەگەز جەزائیرییە.
هەروەها سەرچاوەیەكی دادوەریی ئەوەی ئاشكراكردوە، دوای هێرشەكە پێنج كەس دەستگیركراون و وەك گومانلێكراو دەستبەسەركراون.

بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنەی كاریكاتێریی پێغەمبەری ئیسلام، لە ساڵی 2015دا هێرشكرایەسەر بارەگای رۆژنامەی "چارلی ئیبدۆ" و 12 كەس كوژران، ئەو رۆژنامەیە، لەماوەی رابردودا دوبارە وێنەكانی بڵاوكردەوە و جارێكی دیكە مشتومڕی ناوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group