جوڵەی سەربازی لەلایەن مالیكی و عامرییەوە بۆ خستنی حكومەتی عیراق رەتدەكرێتەوە

26/09/2020 عێراق

نەوا
نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بونی هەر جوڵەیەكی سەربازی بۆ خستنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەتدەكاتەوە، پەرلەمانتارێكی ئەو فراكسیۆنەش دەڵێت "پەرلەمان و میكانیزمە دەستورییەكان هەن و پێویستییان بە هێزی سەربازی نییە".
بەپێی راپۆرتێك، كە لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە، نوری مالیكی و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتیی فەتح دەستیانكردوە بە جوڵە بۆ خستنی مستەفا كازمی لە رێگەی جوڵاندنی عەشایەرەكان و ئەفسەرانی ناو هێزە ئەمنییەكان.
لەوبارەیەوە هیشام روكابی بەڕێوەبەری نوسینگەی نوری مالیكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەی كازمی لەگەڵا فراكسیۆنە سیاسییەكان ناوبراو هیچ تۆمار و بەڵگەیەكی لەسەر ئەوە نەخستوەتەڕو، كە هەوڵی ئەوە هەیە دەیانەوێت بیڕوخێنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی كەناڵەكانی "العربیە" و "الحرە" بڵاویانكردوەتەوە دورە لە راستییەوە، چونكە هەموان سورن لەسەر سەقامگیری و تێكنەچونی بارودۆخەكە و لاوازكردنی دەوڵەت.
لای خۆیەوە عەدنان ئەسەدی پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەكردوە، ئەوەی ئەو كەناڵانە باسیانكردوە گوایە جوڵەی سەربازی هەیە، كە نوری مالیكی و هادی عامری بەڕێوەی دەبەن بۆ خستنی كازمی، دورە لە راستییەوە و لە كۆبونەوەكەدا كازمی هیچ بەڵگەیەكی نەخستوەتەڕو.
ئەسەدی هێمای بۆ ئەوەشكردوە، مالیكی و عامری ئەگەر بیانەوێت هەر حكومەتێك بڕوخێنن، كە خزمەتی گەلی عیراق نەكات و دوربكەوێتەوە لە بەرژەوەندییە سەرەكییەكان، ئەوا پەرلەمان و میكانیزمە دەستورییەكان بونیان هەیە و پێویستییان بەهێزی سەربازی نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group