سێ‌ بومەلەرزە لە قەزای كەلار تۆماركران

29/09/2020

نەوا
دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی عیراق، بڵاویكردەوە، سێ‌ بومەلەرزەیان لە باشوری خۆرهەڵاتی قەزای كەلاری سەربە پارێزگای سلێمانی تۆماركردوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی عیراق، كاتژمێر 6 و 22 خولەكی سەرلەئێوارەی دوێنێ بومەلەرزەیەكیان بە گوڕی 3.2 پلە بە پێوەری رێختەر تۆماركراوە، كە 21 كیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی قەزای كەلار دور بوە، هەروەها لە كاتژمێر 9 و 45 خولەكی شەو بومەلەرزەیەكی دیكە بە گوڕی 3.6 پلە تۆماركراوە، كە 16 كیلۆمەتر لە قەزاكەوە دوربوە.
رونیشكراوەتەوە، بومەلەرزەی سێیەم لە هەمانكاتدا و دوای چەند چركەیەك تۆماركراوە، كە 3.8 پلە بوە بە پێوەری رێختەر و بەهەمان شێوە 16 كیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی كەلارەوە دور بوە، هاووڵاتیانیش هەستیان بە هەرسێ‌ بومەلەرزەكە كردوە.
دەستەكە داوا لە هاووڵاتیان دەكات، هۆشیاربن و دوربكەونەوە لە پڕوپاگەندەی درۆ و پابەندبن بە رێنماییەكانی تایبەت بە بومەلەرزە، كە لەلایەن دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانییەوە دەردەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group